ئاژانسی رۆیتەرز ئاشکاری کردوە؛ لەکاتی سەردانیکردنی بۆ روسیا  و کۆبونەوەی لەگەڵ پوتن، ئەحمەد شەرع بەڵێنی پاراستنی رێککەوتنەکانی سەردەمی بەشار ئەسەدی بە پوتن داوە، لەگەڵ پاراستنی بنکە سەربازییەکانی روسیا، لەبەرانبەردا رادەستکردنی بەشار ئەسەدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بۆ یەکەمجار لە دوای روخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەدەوە، سەرۆکی کاتی سوریا سەردانی روسیای کرد و لەگەڵ فلادمێر پوتنی سەرۆکی وڵاتەکە کۆبوەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و دیمەشق، ئاسۆی هاوکاریی سیاسی و ئابووری، هەروەها پرسی بنکە سەربازییەکانی روسیا لە سوریا، لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوولا  بووە و چارەنووسی بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لە پارێزگای لازقیە و بنکەی دەریایی تەرتوس لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست تاوتوێ کراون.

ئاژانسی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردوەتەوە، ئەحمەد شەرع بەڵێنی پاراستنی رێککەوتنەکانی رابردوی بە پوتن داوە، لەگەڵ پاراستنی هەردوو بنکە سەربازییەکەی  لەبەرانبەردا داوای کردوە، مۆسکۆ چەک نەدات بە پاشماوەی دەسەڵاتەکەی ئەسەد، لەگەڵ رادەستکردنی بەشار ئەسەدیش بۆ ئەوەی رووبەڕووی دادگای بکەنەوە بە تۆمەتی "تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی" .

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، مۆسکۆ پاڵپشتی خۆی بۆ سوریا دوپاتکردوەتەوە، بەڵام پێناچێت بە داواکاری رادەستکردنی ئەسەد رازیبێت بە رادەستکردنەوەی ئەسەد، لە چەند رۆژی رابردوشدا، سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی روسیاش، رایگەیاند بوو، ئەسەد پەنای بۆ روسیا هێناوە، چۆن رادەستی دەکەنەوە.