حەماس:رادەستکردنی چەکەکانمان لەدەرەوەی گفتوگۆکانە
بڵند
١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندوە؛ داواکاری رادەستکردنی چەکەکانیان وەک ئەوەی لە پلانەکەی ترەمپدا هاتووە؛ بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی غەززە قبوڵکراو نییە و تەنانەت شایەنی قسە لەسەرکردنیش نییە.
ئەمڕۆ شەممە، لەسەر زاری بەرپرسێکی باڵای حەماسەوە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردوەتەوە، حەماس چەکدانانێت و ئەو پرسەشی یەکلایکردوەتەوە.
ئەو بەرپرسەی حەماس کە ویستیی بووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، جەختیکردوەتەوە پرسی رادەستنەکردنی چەکەکانیان کۆتایی هاتووە و تەنانەت شایەنی پرسیارکردنیش نییە.
ئەم لێدوانانەی بەرپرسەکەی حەماس، لە کاتیكدایە ئەمڕۆ دووەم رۆژی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسە و ڕۆژی پێنجشەممە لە شەرم شێخی میسر رێککەوتنێکیان واژۆ کرد و رێگەی خۆشکرد بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی دوو ساڵەی کەرتی غەززە.
دوێنێ حازم قاسمی وتەبێژی حەماس، بە کەناڵی عەرەبییەی راگەیاند بوو؛ چەکەکانی دەستیان بە "ئامرازێکی بەرگریی شەرعی" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئەوان بەرپرسیارێتی نیشتیمانیان لە ئەستۆدایە و لە ئێستادا کار بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ترەمپ لە پلانە 20 خاڵیەکەیدا، ئاماژەی بەوەداوە کە پرسی رادەستکردنی چەکەکانی حەماس لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتیدا چارەسەر دەکرێت.



