سەرەڕای مێژوویەکی پڕ لە رەخنە، بۆچی حەماس متمانەی بە ناوبژیوانییەکی دۆناڵد ترەمپ بەخشی تا بارمتەکانی غەززە ئازاد بکات؟ لەم راپۆرتەدا کە بە سود بینین لە زانیارییەکانی رۆیتەرز نووسراوە، زانیاری ورد لەسەر ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە نهێنییە و پشتەوەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە و هاوکێشە ئاڵۆزەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا دەکرێن.

گۆڕانکاری لە هەڵوێستدا: ترەمپ لە "رەگەزپەرست"ـەوە بۆ "ناوبژیوانێکی متمانەپێکراو"

حەماس، کە پێشتر دۆناڵد ترەمپی بە "رەگەزپەرست" و "هۆکاری ئاژاوەگێڕی" ناودێر کردبوو، لە مانگی رابردوودا بەهۆی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی خێرا و نهێنییەوە هەڵوێستی گۆڕا.

بەپێی لێدوانی دوو بەرپرسی فەلەستینی، ترەمپ توانی وا لە حەماس بکات، کە ئەگەر دەستبەرداری هەموو ئەو بارمتانە بێت کە بە تاکە کارتی فشاری دەستی دادەنرێن، ئیسرائیل پابەند دەکات بە رێککەوتنی ئاشتییەو و هێرشەکانی سەر غەززە بە یەکجاری رادەگیرێن
.

ئەم گۆڕانکارییە لە بۆچوونی حەماسدا و متمانەکردنی بە ترەمپ، دوای ئەوە هات کە ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکی کۆشکی سپیدا بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی ناچارکرد داوای لێبوردن لە سەرۆک وەزیرانی قەتەر بکات لەسەر هێرشی بۆ سەر ئەو کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەی کە سەرکردەکانی حەماسی تێدابوون لە دەوحە.

ئەم هەنگاوەی ترەمپ، بە بڕوای بەرپرسە فەلەستینییەکان، نیشانەی جدییەتی ئەو بوو لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و توانای وەستانەوەی لە بەرامبەر ناتانیاهۆدا
.

قومارێکی پڕ مەترسی و نیگەرانییەکی بەردەوام:

دوای ئیمزاکردنی ئاگربەستەکە، کە ترەمپ رۆژی چوارشەممە ناوبژیوانی تێدا کرد، حەماس رازی بوو دەستبەرداری بارمتەکان بێت لەبەرانبەر کشانەوەی تەواوی ئیسرائیل. بەرپرسانی حەماس ئەم هەنگاوەیان بە "قومارێکی پڕ مەترسی" ناوبرد، کە تەنیا لەسەر بنەمای پشت بەستن بە رێککەوتنەکە و متمانەکردن بە سەرۆکی ئەمریکا ئیمزاکراوە.

ترسی سەرەکی حەماس ئەوەیە کە ئیسرائیل، دوای ئازادکردنی بارمتەکان، هێرشی سەربازیی خۆی دەستپێبکاتەوە، وەک ئەوەی لە دوای ئاگربەستەکانی پێشوتر لە مانگی یەکدا رویدا. لەو کاتەدا، سەرەڕای هەوڵەکانی تیمی ترەمپ، ئاگربەستەکە تێکچوو و بووە هۆی کارەساتێکی مرۆیی لە غەززەدا.

رۆڵی ترەمپ لە پشت پەردەوە:

رۆیتەرز دەڵێت: گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان کە لە شاری شەرم شێخ، بە ئامادەیی نزیکترین هاوڕێیانی ترەمپ و کاراکتەرە کاریگەرەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوو، وایکرد حەماس متمانەی تەواوی لەلا دروستبێت. بەرپرسێکی حەماس بە رۆیتەرزی وت، پەرۆشی ترەمپ "بە جدی" هەستی پێدەکرا. ترەمپ خۆی سێ جار پەیوەندی تەلەفۆنی کرد و یاریدەدەرەکانیشی بە بەردەوامی لە نێوان دانوستانکارانی ئیسرائیلی و قەتەریدا لە گواستنەوەدا بوون.

شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ هێرشەکانی قەتەر و ئاگربەستی جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران لە مانگی حوزەیراندا، دانوستانکارانی حەماسی دڵنیا کردەوە کە ئەو دوای ئازادکردنی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە، هەرگیز رێگە نادات ئیسرائیل دووبارە شەڕ دەستپێبکاتەوە. بەرپرسێکی فەلەستینی لە غەززە ئاماژەی بە بەڵێنی ترەمپ دا کە چیتر هیچ هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر رونادات و بە گەرەنتییەکی ئەمنی دای نا.

رێگەیەکی نادڵنیا بەرەو ئاشتی:

سەرەڕای ئەم ئاگربەستە، هیچ دڵنیاییەک نییە کە قۆناغەکانی داهاتووی پلانی 20 خاڵی ترەمپ بۆ غەززە جێبەجێ ببن. لە کاتێکدا تا رۆژی سێشەممەی رابردوو، گفتوگۆکان لەسەر وردەکارییەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و چۆنیەتی ئازادکردنی بارمتەکان وەستابوون.

لە کۆتاییدا، حەماس بەبێ گەرەنتی نووسراو، بەڵێنی زارەکی لە ئەمریکا و وڵاتانی ناوبژیوانەوە (میسر، قەتەر، تورکیا) قبوڵ کردووە کە ترەمپ رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکات و رێگە نادات ئیسرائیل هەڵمەتی سەربازیی خۆی دەستپێبکاتەوە. یەکێک لە بەرپرسانی حەماس رایگەیاند: "تا ئێستا بۆ ئێمە ئەم رێککەوتنە وادیارە کە کۆتایی بە جەنگەکە دەهێنێت."

داهاتوو نادیارە:

هەرچەندە ئاگربەستەکە هیوایەکی نوێی دروستکردووە، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە کە قومارەکەی حەماس کاریگەری پێچەوانەی هەبێت. لە رابردوودا، لە کاتێکدا ترەمپ داوای ئازادکردنی هەموو بارمتەکانی بە یەکجار کرد، رێککەوتنەکە تێکچوو و بووە هۆی کارەساتی زیاتر.

ئێستاش ئەوەی چی رودەدات و داهاتوو چی بۆ جیهان و حەماس و منداڵانی فەڵەستین هەڵگرتووە پرسیارێکی بەردەوامی هەمووانەو، خەڵکی غەززە لەناو خوێن و ماتەمی لەدەستدانی ئازیزانیاندا خەریکە دەگەڕێنەوە و هاوکات دەپرسن، ئەی ئەگەر بارمتەکانیشمان رادەستکردنەوە و هێرشیانکرد؟ ئایا ئەوە چوون بەرەو مەرگی بە کۆمەڵ نییە؟