ئەمریکا بە 200 سەرباز چاودێری رێککەوتنەکەی حەماس و ئیسرائیل دەکات
بڵند
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
پێگەی بی بی سی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا رایانگەیاندوە کە تیمێکی سەربازی ئەمریکی، کە لە 200 کەس پێکدێن لە نزیکی غەززە جێگیر دەکرێن بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس.
یەکێک لە بەرپرسە باڵاکان دەڵێت: "لە سەرەتادا 200 کەس جێگیر دەکرێن، ئەرکیان چاودێریکردن و دڵنیابوونەوە دەبێت لەوەی کە رێککەوتنەکە لەلایەن هیچ لایەنێکیانەوە پێشێل نەکرێت".
گەرچی بەتەواوەتی دیار نییە، بەڵام پێدەچێت ئەو هێزەی ئەمەریکا لە میسر یاخود لە ئیسرائیل جێگیر بکرێن.
بە وتەی بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکا، تیمەکە ئەو ئەفسەرە سەربازیانە لەخۆدەگرێت کە لە وڵاتانی میسر، قەتەر، تورکیا و ئیماراتن، جەختیشیان لەوە کردوەتەوە کە هیچ هێزێکی ئەمریکی ناچێتە ناو کەرتی غەززە.
ئەمە لە کاتێکدایە بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستیان بەکشانەوە کردوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاش رایگەیاند، پێویستە رۆژی دووشەممە یان سێشەممە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکرێن و رەنگە خۆشی سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە.



