وردەکاری سەردانەکەی ترەمپ بۆ ئیسرائیل
راهۆز
١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ هەینی، وردەکاریی نوێی لەبارەی سەردانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل ئاشکرا کرد.
بەپێی زانیارییەکان، "ترەمپ کاتژمێر 9:20ی بەیانی رۆژی دووشەممە، لە جەژنی 'سیمحات تۆرە'، دەگاتە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن، لەوێ پێشوازی لێدەکرێت و پاشان وتارێک لە کنیست (پەرلەمانی ئیسرائیل) پێشکەش دەکات." هەروەها، ئاماژە بەوەشکرا کە "دوای وتارەکەی لە کنیست، بێ هیچ کۆبوونەوە یان رێوڕەسمێکی تایبەت دەڕوات."
پێش سەردانەکەی ترەمپ، دۆخێکی ئامادەباشی و چاوەڕوانی لە ئیسرائیل باڵی کێشابوو، بەتایبەتی لەلایەن خێزانەکانی بارمتەکانەوە، بەهۆی رۆڵی گەورەی ناوبراو لە گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست. خێزانەکانی بارمتەکان شەوی رابردوو نامەیەکیان بۆ ترەمپ ناردبوو، تێیدا داوایان لێکردبوو وتارێک لە گۆڕەپانی بارمتەکان "هاتۆڤیم" پێشکەش بکات: "شانازییەکی گەورە دەبێت ئەگەر لە سەردانەکەی داهاتووت بۆ ئیسرائیل رازی بیت بە کۆبوونەوە لەگەڵمان. ئەمە ڕەنگە یەکێک بێت لە گەورەترین نیشانەکانی پشتیوانی لە مێژووی ئیسرائیل بۆ دۆست و هاوپەیمانێک."
سەردانی میسر و ئیسرائیل:
پێشتر، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە سەردانی میسر دەکات بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی ئیمزاکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەرتی غەززە. ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی لە واشنتۆن راگەیاند: "جەنگمان لە غەززە کۆتایی پێهێنا... هەوڵ دەدەین بارمتەکان لە رۆژی دووشەممە یان سێشەممە بگەڕێنینەوە... ئەم رۆژە، رۆژێکی خۆش دەبێت."
وتیشی: "هەوڵ دەدەین سەردانی ناوچەکە بکەین و کار لەسەر دیاریکردنی کاتەکەی دەکەین... سەردانی میسر دەکەین، لەوێ رێککەوتنەکە بە رەسمی واژۆ دەکرێت."
پێش ئەم لێدوانە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ترەمپ ئەنجام دابوو. وتەبێژی رەسمی سەرۆکایەتی میسر رایگەیاندبوو کە سیسی پیرۆزبایی لە ترەمپ کردووە بۆ سەرکەوتنی هەوڵە چڕوپڕەکانی لە راگرتنی جەنگ لە کەرتی غەززە، و سوپاسی گەورەی خۆی بۆ سەرۆکی ئەمریکا و گرنگیدانی بە کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەربڕیوە.
لەلای خۆیەوە، ترەمپ دڵخۆشی زۆری خۆی بەم دەستکەوتە مێژووییە و دۆستایەتی پتەوی لەگەڵ سیسی دەربڕی، ئاماژەی بەوەدا کە لە رۆژانی رابردوودا چاوەکان لەسەر میسر بوون بۆ بەدواداچوونی گەشەپێدانی دانوستانەکانی شەرم ئەلشێخ و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ لە کەرتی غەززە. سەرۆکی میسر لەم ڕووەوە ئاماژەی بەوەدا کە گەیشتن بە رێککەوتنەکە دەستکەوتێکی مێژووییە و دووپاتیشی کردەوە کە ترەمپ شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە.



