دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر گەڕەکی سەبرە لە باشوری شاری غەززە، کە شەوی پێنجشەممە رویدا و بووە هۆی کوژرانی چوار کەس و بێسەروشوێنبوونی 40 کەسی دیکە، ئەمڕۆ هەینی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە ئاگربەست لە غەززە لە شەوی رابردووەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی کردەوە کە هێرشە ئاسمانییەکان وەستاون. هەروەها، سوپای ئیسرائیل رونیشی کردەوە کە "هێزەکانی بەم زووانە کشانەوەیان بۆ ئەو هێڵە زەردەی دیاریکراوە دەستپێدەکەن."

"جەنگ کۆتایی هات"

ئەم راگەیاندنە دوای ئەوە هات کە خەلیل حەییە، سەرۆکی دانوستانکارانی حەماس، کە مانگی رابردوو لە هەوڵێکی تیرۆرکردن لە دەوحە رزگاری بوو، دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند کە حەماس "زەمانەتی لە نێوەنگیرەکان و لە ئیدارەی ئەمریکاوە وەرگرتووە کە هەموویان دووپاتیان کردووەتەوە کە جەنگ بە تەواوی کۆتایی هاتووە."

لەلایەکی دیکەوە، شۆش بەدرەسیان، وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل، دوێنێ رایگەیاندبوو کە "رێککەوتنەکە تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێردا دوای پەسەندکردنی لەلایەن حکومەتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."