خەلیل حەییە: گەیشتینە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی ئیسرائیل
راهۆز
٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
خەلیل حەییە، سەرۆکی وەفدی دانوستاندکاری بزوتنەوەی حەماس، ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە جەنگی غەززە دەهێنێت و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لەخۆدەگرێت.
حەییە لە لێدوانەکەیدا جەختی لەسەر رۆڵی وەفدەکەی حەماس کردەوە و وتی: "پیاوان بووین لەسەر مێزی دانوستاندنەکان." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "جەنگێکمان ئەنجامدا کە جیهان هاوشێوەی نەبینیوە."
سەبارەت بە وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە، حەییە رونی کردەوە کە "رێککەوتنەکە داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ و کشانەوەی ئیسرائیل دەکات." هەروەها ئاشکرای کرد کە "بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەمان لەگەڵ پلانی سەرۆک ترەمپدا کرد."
سەرۆکی وەفدی دانوستاندکاری حەماس راشیگەیاند کە "گرەنتییان لە ئیدارەی ئەمریکاوە وەرگرتووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ." بە وتەی حەییە، "رێککەوتنەکە کردنەوەی دەروازەی رەفە لە هەردوو ئاراستەدا لەخۆدەگرێت."
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، خەلیل حەییە بە رەسمی رایگەیاند: "گەیشتنمان بە رێککەوتنێک کە کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت رادەگەیەنین." هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە "خەریکین کۆتایی بە قۆناغەکانی دیکەی رێککەوتنەکە دەهێنین."



