گروپە چەکدارەکانی دیمەشق هێرشیان کردەسەر خاڵەکانی هێزەکانی هەسەدە
محەمەد رزگار
٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
هەسەدە هێرشێکی گروپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق ناوچەکانی دەوروبەری بەنداوی تشرینی پوچەڵکردەوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات 'هەسەدە' لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ گروپێک لە چەکدارانی سەر بە حکومەتی کاتی سوریا هەوڵی تێپەڕاندنی یەکێک لە خاڵەکانی هێزەکانیان داوە لە دەوروبەری بەنداوی تشرین، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو چەکدارانە نارجۆکیان بەکارهێناوە و هەوڵیانداوە هێزەکانی هەسەدە بکەنە ئامانج و سەقامگیری ناوچەکە تێکبدەن.
ئەوەیشی خستەڕوو، هێزەکانیان دەستبەجێ وەڵامی گروپە هێرشبەرەکەیان داوەتەوە و پێکدادانی راستەوخۆ رویدا، لە ئەنجامدا یەکێک لە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سوریا کوژرا و ئەوانی دیکەش هەڵهاتن.
هەسەدە لە راگەیەنراوەکەدا جەختدەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی خەڵکەکەیان و سەقامگیری ناوچەکە.



