ئیدارەی خۆسەر: رزگاركردنی ناوچە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەركێكی نیشتمانییە
زاهیر
٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئیدارەی خۆسەری رایگەیاند ئازادكردنی ناوچە داگیركراوەكانی رۆژئاوای كوردستان ئەركێكی نیشتمانییە و داوا لە دیمەشق دەكات رێگە بە گەڕانەوەی ئاوارەكانی سەرجەم ناوچە داگیركراوەكان بدات.
بەڕێوبەری خۆسەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا لە ساڵیادی داگیركردنی سەرێكانی و گرێ سپی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و جەختی لەوە كردەوەتەوە كە هەموو هەوڵێك دەدەن لە پێناو رزگاركردنی ئەو ناوچانەی رۆژئاوای كوردستان كە بە هۆی لەشكركێشی توركیا و چەكدارانی نزیك لەو وڵاتە داگیركراون.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە ساڵی 2019 ناوچەكانی سەرێكانی و گرێ سپی لە رۆژئاوای كوردستان لە لایەن سوپای توركیا و چەكدارانی سوری نزیك لە وڵاتەوە بەهۆی بێدەنگیی نێودەوڵەتییەوە داگیركران و ژمارەیەكی زۆریش لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەهۆی زەبر و زەنگی داگیركارانەوە ناچاربون زێدی خۆیان جێبهێڵن.
خۆسەری داوای لە دەسەڵاتی دیمەشق كردووە كە هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی بە ناچاری سەرێكانی و گرێ سپی و عەفرین و چەند ناوچەیەكی تری رۆژئاوای كوردستانیان جێهێشتوە.



