تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ سوریا دەڵێت، سەردانەكەی بۆ حەسەكە لە دژی بەرژەوەندییەكانی توركیا نەبووە.

باراك لە تۆڕی كۆمەلایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، سەردانەكەی بۆ حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان لەپێناو ئاسانكاری و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئادار بووە لەنێوان حكومەتی دیمەشق و هێزەكانی سوریای دیموكرات.

وتیشی، هەر دەنگۆیەك سەبارەت بەوەی سەردانەكەی بۆ زیانگەیاندن بووە بە بەرژەوەندی نیشتمانی توركیا دوورە لە راستییەوە، بەڵكو سەردانەكەی بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی توركیا و ئەمریكاش بووە.

باراك ئاماژەی بەوەشكرد، سەردانەكەی بۆ حەسەكە بە شەفافی كردووە، لەپێناو هەماهەنگی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر و گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان و سەقامگیری هەرێمی، كە راستەوخۆ خزمەت بە بەرژەوەندی ئەمنی و ئابوری توركیاش دەكات.