فەرەنسا: ئاگربەستی هەسەدە و دیمەشق هەنگاوێكی گرنگە بۆ سەقامگیریی لە سوریا
٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
فەرەنسا رایگەیاند، پێشوازیی لە ئاگربەستی نێوان هەسەدە و هێزەكانی دیمەشق دەكات و جەختیش لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئازار دەكاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، پێشوازیی لە ئاگربەستی حەوتی ئەم مانگەی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكراتی هەسەدە و هێزەكانی سەر بە دیمەشق دەكات ، ئەوەش بە هەنگاوێكی گونجاو بۆ پاراستنی كەسانی مەدەنی ناو دەبات.
لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسادا هاتووە، ئەو ئاگربەستە رێگە بۆ گفتوگۆ و دانوستانی زیاتر خۆش دەكات بە ئامانجی جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵەكانی رێككەوتنی 10ی ئاداری ئەم ساڵ كە لە نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە و ئەحمەد شەرع ، سەرۆكی كاتی سوریا ئیمزا كرا.
فەرەنسا جەختی لەوەكردوەتەوە، رێككەوتن و دانوستانی نێوان هەسەدە و دیمەشق هەنگاوێكی سەرەكییە بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و سەقامگیریی لە سوریا و هاوكات پاریس لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكانی بە هەموو شێوەیەك پشتیوانیی لە جێبەجێكردنی ئاشتییەكی بەردەوام دەكەن.



