دەستبەجێ كاریگەرییەكانی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە دەركەوتن و فەرمان دەركرا بۆ كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە غەززە و هێڵەكانی دواوەی جەنگ، لەسەر ئاستی جیهانیش، نرخی نەوت دابەزی.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاویكردەوە، فەرمان كراوە بە سوپا بۆ كشانەوەی تەواوەتی لە غەززە بەرەو هێڵەكانی دواوەی جەنگ، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسرائیل دوای راگەیاندنی ئاگربەستەكە بۆردومانی ناوەراستی خان یونسی لە باشووری غەززە كرد.

هاوكات بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی نەوتی برێنت بە كاریگەری رێككەوتنەكە بۆ 65 دۆلار و 74 سەنت دابەزی و نرخی نەوتی سوكی تەكساسیش بە 62 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەكرا.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوای لەلایەنەكان كرد بە تەواوی پابەندی ئاگربەستەكە بن و سەرجەم بارمتەكان ئازاد بكرێن، ئامادەییشی دەربڕی بۆ زیادكردنی هاوكارییە مرۆییەكان و بەشداریكردن لە ئاوەدانكردنەوەی غەززە.

كییەر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاش سەرباری پێشوازیكردن لە قۆناغی یەكەمی ئاگربەستەكە، داوایكرد جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە دوانەخرێت و سەرجەم كۆت و بەندەكان لەسەر گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان هەڵبگیرێن.