ئیسرائیل و حەماس رێککەوتن
محەمەد رزگار
٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی رێککەوتنی ئاگربەستیان ئیمزاکرد، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، لە دوای ئاگربەستەوە رۆژێکی مەزن دەبێت بۆ جیهان.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاویکردەوە، ئیسرائیل و حەماس قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتیمان ئیمزاکردووە، هەروەها ئەمە مانای ئەوەیە کە هەموو بارمتەکان زۆر بە زوویی ئازاد دەکرێن.
وتیشی، سوپاسی نێوەندگیرانی قەتەر و میسر و تورکیا دەکەین کە لەگەڵمان کاریان کردووە بۆ بەدیهێنانی ئەم روداوە مێژوویی و بێ وێنەیە.
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو پێزانینێک بۆ ئاشتیخوازان!"
لای خۆیەوە حەماس لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکردووە،رێککەوتنێک کراوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و چوونە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان و ئاڵوگۆڕی دیلەکان دیاریکراوە.
قەتەر کە نێوەندگیری نێوان ئیسرائیل و حەماسە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دوو ساڵەی کەرتی غەززە، جەختیکردوەتەوە، هەردوولا لەسەر هەموو بڕگەکانی قۆناغی یەکەمی پلانی دۆناڵد ترەمپ رێککەوتوون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە.



