کەناڵ 12ـی ئیسرائیل: لە 36 سەعاتی داهاتودا ترەمپ دەچێتە شەرم شێخ بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە
بڵند
٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
کەناڵ 12ی ئیسرائیل بڵاویکردوەتەوە، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ رەشنووسی بڕیار نامەیەکی لەسەر ئەو بابەتە پەسەندکردووە و چاوەڕوانی حکومەتە بۆ رەزامەندی دەربڕین، ئاماژەی بەوەشکردوە رەنگە ترەمپ رۆژی هەینی گەشتێکی بۆ شەرم شێخ بکات بەمەبەستی ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە بۆ ئاڵوگۆرکردنی بارمتەکانی ئیسرائیل و زیندانیە فەلەستینیەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند سەعاتێک دوای ئەوەی سەرۆکی میسر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ئیمزاکردنی رێککەوتننامەی کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە لە ئەگەر سەرگرتنیدا، میدیاکانی ئیسرائیل پشتڕاستی دەکەنەوە کە لە ماوەی 36 سەعاتی داهاتودا رێکەوتنەکە پەسەند دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵە ئیسرائیلییەکە؛ حەماس زانیاری لەسەر بارمتە زیندووەکان داوە و ژمارەیان نزیکەی 20 کەسە و بە دوای تەواوی تەرمەکانیشدا دەگەڕێت کە لە کاتی دەستپێکردنەوەی ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل دابەشیکرد بوون بەسەر کۆڵانەکانی غەززەدا.
رێکەوتنەکە بە جۆرێکە، دەبێت ئیسرائیل دڵنیابێت کە تەواوی بارمتە و تەرمەکانی بەدەست دەگاتەوە و حەماس جارێکی تر مامەڵەیان پێوەناکات و دواتر زیندانییە فەلەستینییەکان ئازاد دەکات.
هەر ئەمڕۆ حەماس لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەگەڵ ئیسرائیل لیستی ئەو ناوانەیان ئاڵوگۆرکردوە کە دەبێت ئازاد بکرێن بە گوێرەی رێککەوتنەکە، لای خۆشیەوە عەبدولفەتاح سیسی ئەمڕۆ بە گەشبینیەوە باسی لە رێکەوتنەکە کردو و وتی؛ دەبێت هەلەکە بقۆزنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دوو ساڵەی غەززە.
ئەمە لە کاتێکدایە، شەڕ لە غەززە بەردەوامی هەیە و پێگەی ئاکسیۆسیش بڵاویکردوەتەوە سەبەینێ مارۆکۆ رۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە بڕیار بو بچێتە فەڕەنسا، لەسەر پێشنیازی ئیسرائیل بەشداری لە کۆبونەوەی پاریس ناکات کە بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی دوای شەڕی غەززە بەڕێوەدەچێت



