دوای هەڵپەساردنی گفتوگۆکان، بەگوێرەی رۆژنامەی "الجریدە"ـی کوەیتی بڵاویکردوەتەوە لە چەند رۆژی رابردودا پەیوەندی لە نێوان عەباس عەراقچی و ستیڤ ویتکۆف سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان هەبووە و هەردوولا لەسەر پێویستی گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان رێککەوتوون.

 لەزاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە؛ دوایین پەیوەندی نێوان عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی  ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێوارەی رۆژی شەممە بووە.

بە پشتبەستن بە کەشوهەوای ئەو پەیوەندییە، پێدەچێت هەفتەی داهاتوو چەند کۆبوونەوەیەکی نهێنی نێوان هەردوولا لە عومان یان قەتەر ئەنجامبدرێت بۆ هەماهەنگی پێش ئەوەی بە رەسمی بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆکان.

بەگوێرەی رۆژنامەکە ویتکۆف ئێوارەی رۆژی شەممە تەلەفۆنی بۆ عەباس عەراقچی کردووە بۆ ئەوەی داوای پشتیوانی تاران بکات بۆ پلانەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی لە غەززە و عەباس عراقچی جەختی لە پشتیوانی تاران بۆ هەڵوێستی مەکتەبی سیاسی حەماس کردەوەتەوە و لەوەڵامدا وتویەتی؛ هەر پلانێک کە ببێتە هۆی کۆتایی هێنان بە کۆمەڵکوژیی غەززە، لەلایەن ئێرانەوە پەسەند دەکرێت.

رۆژنامەکە ئەوەشی خستوەتە روو،  ویتکۆف هەوڵی داوە دانوستانە ئەتۆمییەکان بە ئاگربەست لە غەززە ببەستێتەوە بە مەبەستی فشارخستنە سەر تاران، بەڵام عەباس عیراقچی ئەوەی رەتکردوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە، هیچ دانوستانێک قبوڵناکەن لەسەر وەستاندنی بەرنامە ئەتۆمییەکانیان بێت و رایگەیاندوە؛ مەرجی وڵاتەکەی بۆ هاتنەوە سەر مێزی گفتوگۆ دانپێدانانی واشنتۆنە بە "مافی" ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.