عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ئەگەر دانوستانەکان لە میسر سەرکەوتوو بن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولفەتاح سیسی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا پەیامێکی بۆ ترەمپ نارد و  راگەیاند؛ بەڕاستی زۆر نایاب دەبێت ئەگەر رێککەوتنێک بکرێت، ئێوە بەشداری لە مەراسیمی واژۆکردنەکەیدا بکەن.

سیسی ئاماژەی بەوەشکرد،  پێویستە دەرفەتەکە بقۆزینەوە و سەرکەوتنی دانوستانەکانی شەرم شێخ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غـەززە مسۆگەر بکەن.

دەشڵێت؛ ئەگەر ئەوە کرا، بانگهێشتی سەرۆک ترەمپ دەکەم سەردانی میسر بکات، بۆ ئەوەی ئامادەبێت لە کاتی ئیمزاکردنی رێککەوتنی ئاگربەستەکە.

ئەم لێدوانەی سیسی لە کاتێکدایە کە میسر لە ڕۆژی دووشەممەوە میوانداری دانوستانی چڕ و پڕی نێوان شاندە باڵاکانی حەماس و ئیسرائیل دەکات کە ئامانج لێی کۆتایی هێنان بە ململانێی غەززە بەپێی پلانی ئاشتی پێشنیارکراوی ترەمپ.

سەرۆکی میسر رایگەیاند، دانوستانەکان "بەشێوەیەکی ئەرێنی بەرەوپێش دەچن" و هیوای خواست هەموو لایەک ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.

دانوستانە ناڕاستەوخۆکان رۆژی چوارشەممە لە  شەرم شێخ  بۆ سێێەم رۆژ بەردەوامە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری میسر و سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر و سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی تورکیا و شاندێکی ئیسرائیلی و شاندێكی حەماس، دوو نێردەی ئەمریکی ئامادەی دانوستانەکانن.