لە ساڵیادی حەوتی ئۆکتۆبەردا.. گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە میسر بەردەوامە
راهۆز
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
هاوکات لەگەڵ دووەم ساڵیادی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر، گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکان لە میسر لەنێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسدا بەردەوامە، لە کاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاندووە کە ئەمریکا پابەندە بەوەی ئاگربەست لە غەززە کاتی نەبێت.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، وردەکاری زۆر ماوە کە دەبێت لە چوارچێوەی پلانە 21 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کاری لەسەر بکرێت بۆ غەززە. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە نێوەندگیران پابەندن بە ئاسانکاریکردنی گفتوگۆکان بۆ سەرخستنی ئاگربەست و گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە.
دوو سەرچاوەی ئاگادار لە دانوستانەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە کە گفتوگۆکان "ئەرێنی" بوون و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە درێژەیان پێبدرێت.
یەکێک لە سەرچاوەکان کە بەرپرسێکی نزیکە لە دانوستانەکانەوە، وتی: "خولی یەکەمی گفتوگۆکان کە چوار کاتژمێری خایاند، تێیدا نەخشەڕێگای دانوستانەکان و میکانیزمەکان تاوتوێ کران."
بەپێی سەرچاوەکە، ئەو خاڵانەی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت بریتین لە:
-
ئاڵوگۆڕی دیلەکان: میکانیزمی رادەستکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان (زیندوو و مردوو) لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین، بە دیلە باڵا و سەرکردەکانیشەوە.
-
کشانەوەی ئیسرائیل: نەخشەی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و گەیاندنی هاوکارییەکان لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەست.
-
بەڕێوەبردنی غەززە: رادەستکردنی ئیدارەی کەرتەکە بە لیژنەیەکی شارەزایانی سەربەخۆی فەڵەستینی.
سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرای کرد کە حەماس بە نێوەندگیرانی وتووە، "پێویستە فڕینی فڕۆکەی جەنگی و سیخوڕی رابگیرێت، بۆردوومانەکان بە تەواوی بوەستێنرێن و هێزەکانی ئیسرائیل لەناو شارەکان بکشێنەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی رادەستکردنی بارمتەکان خێراتر بکرێت."
دووەم ساڵیادی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبەر
ئەمڕۆ ئیسرائیل یادی دووەم ساڵیادی هێرشە چاوەڕواننەکراوەکەی بزوتنەوەی حەماسی کردەوە. لە باشووری ئیسرائیل، دەیان کەس لە کەسوکاری قوربانیانی فێستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا لەو شوێنە کۆبوونەوە کە کراوەتە یادگارییەک بۆ قوربانیان. لەو هێرشەدا چەکدارانی حەماس زیاتر لە 370 کەسیان لە فێستیڤاڵەکەدا کوشت و دەیان کەسی دیکەیان رفاند.
بەپێی ئامارە رەسمیەکانی ئیسرائیل، هێرشەکەی حەماس بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس و رفاندنی 251 کەسی دیکە، کە تا ئێستا 47 کەسیان لە غەززە ماونەتەوە و سوپای ئیسرائیل دەڵێت 25 کەسیان کوژراون.
لە دوای هێرشەکەوە، ئیسرائیل هێرشێکی سەربازیی بەرفراوانی لە ئاسمان، دەریا و وشکانییەوە بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە. بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی غەززە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە باوەڕپێکراوی دەزانێت، شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 67 هەزار فەڵەستینی.
شەڕەکە وێرانکارییەکی گەورەی لێکەوتووەتەوە؛ گەڕەکەکان تەواو خاپوور کراون، زۆربەی نەخۆشخانەکان، قوتابخانەکان و ژێرخانی ئابووری لەناوچوون. سەدان هەزار فەڵەستینی ئاوارە بوون و لە دۆخێکی مرۆیی کارەساتباردا دەژین کە گەیشتووەتە ئاستی راگەیاندنی برسێتی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
پلانەکەی ترەمپ و فشاری نێودەوڵەتی
هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی ئاشکرا کرد کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێ، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان، چەکداماڵینی حەماس، و کشانەوەی پلەبەندی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەکات.
لەگەڵ چوونە ناو ساڵی سێیەمی شەڕەکەوە، هەریەک لە ئیسرائیل و حەماس روبەڕووی فشاری نێودەوڵەتیی زیاتر دەبنەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
لە لایەکی دیکەوە، ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، هۆشداری داوە کە ئەگەر گفتوگۆکان شکست بهێنن، سوپا "دەگەڕێتەوە بۆ شەڕکردن" لە غەززە.



