وەفدێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، گەیشتە دیمەشقی پایتەخت و وابڕیارە بە ئامادەیی تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ سوریا لەگەڵ ئەحمەد شەرع و حکومەتی سوریا کۆببنەوە.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکاندایە بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 10ی ئادار کە لەنێوان سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریادا ئیمزا کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، وەفدەکە پێکهاتووە لە:

  • مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

  • ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.

  • رۆهەڵات عەفرین، فەرماندەی دیاری یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە).

رێککەوتنی 10ی ئادار کە لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ئینتیقالی و مەزڵووم کۆبانێ ئیمزاکراوە، چەندین خاڵی گرنگ لەخۆدەگرێت، لەوانە یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت و داننان بە مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەی کورد.