لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئەمریکا بە زیاتر لە 21 ملیار دۆلار یارمەتی سەربازیی ئیسرائیلی داوە
راهۆز
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
توێژینەوەیەکی نوێ کە هاوکاتە لەگەڵ دووەم ساڵیادی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، ئاشکرای دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی هەردوو ئیدارەی سەرۆکی پێشوو جۆو بایدن و سەرۆکی ئێستا دۆناڵد ترەمپ، یارمەتی سەربازیی بە بەهای لانیکەم21.7 ملیار دۆلار پێشکەش بە ئیسرائیل کردووە، ئەمەش تەنها لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی غەززەوە لە دوو ساڵ لەمەوبەر.
توێژینەوەیەکی دیکە کە هەمان پڕۆژەی "تێچووی شەڕ" لە کۆلێژی واتسن بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و گشتی لە زانکۆی براون بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمریکا نزیکەی 10ملیار دۆلاری دیکەی لە هاوکاری ئەمنی و ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا خەرج کردووە.
هەرچەندە زۆربەی زانیارییەکانی نێو راپۆرتەکان پشت بە سەرچاوەی کراوە دەبەستن، بەڵام ئەم توێژینەوانە بە وردترین هەژمارکردن دادەنرێن بۆ یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، هەروەها خەمڵاندنی تێچووی دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
تا ئێستا نوسینگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هیچ لێدوانێکی رەسمی لەسەر قەبارەی یارمەتییە سەربازییە پێشکەشکراوەکان بە ئیسرائیل لەدوای ئۆکتۆبەری 2023ەوە نەداوە، لە کاتێکدا کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە تەنها سەرپەرشتی بەشێک لەو یارمەتییانە دەکات.
یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل
چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، واشنتۆن دەستبەجێ دەستیکرد بە ناردنی یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل، کە بریتی بوو لە ناردنی کەشتی جەنگی و فڕۆکەی جەنگی بۆ ناوچەکە، و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی شەڕ بۆ ئیسرائیل.
ئیسرائیل داوای موشەکی بەرگریی "گنبد ئاسنین" و تەقەمەنی لە ئەمریکا کرد. ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا، رایگەیاند کە واشنتۆن "پشتگیری تەواو"ی ئیسرائیل دەکات، هاوشان لەگەڵ ناردنی سەکۆی مووشەکی ئاراستەکراو و فڕۆکەی جەنگی جۆری ئێف-35.
گرنگترین وێستگەکانی یارمەتییەکان:
-
12ی ئۆکتۆبەر: ئیدارەی بایدن دەستیکرد بە ئامادەکردنی پاکێجێکی یارمەتی بە بەهای نزیکەی 2 ملیار دۆلار وەک بودجەیەکی زیادە بۆ پشتگیریکردنی ئیسرائیل.
-
17ی ئۆکتۆبەر: پێنج کاروانی چەک و کەرەستەی سەربازیی ئەمریکی گەیشتنە ئیسرائیل.
-
تشرینی دووەم: ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پلانێکی کۆمارییەکانی پەسەند کرد کە 14.5 ملیار دۆلاری وەک یارمەتی سەربازی بۆ ئیسرائیل تەرخان کردبوو.
-
کانوونی یەکەمی 2023: واشنتۆن15.000 بۆمب و 57.000گولـلە تۆپی عەیار 155 ملمی بۆ ئیسرائیل دابین کرد، کە زۆربەیان لە رێگەی فڕۆکەی بارهەڵگری سەربازیی جۆری سی-17 گواسترانەوە. هەروەها، ئەمریکا زیاتر لە 5،000 بۆمبی نائاراستەکراوی جۆری ئێم کەی 82، زیاتر لە 5.400 بۆمبی ئێم کەی 84، و نزیکەی 1.000 بۆمبی جی بی یو-39ی قەبارە بچووکی نارد.
-
8ی کانوونی یەکەم: بایدن دەسەڵاتی باری نائاسایی بەکارهێنا بۆ بازدان بەسەر پێداچوونەوەی کۆنگرێسدا بۆ فرۆشتنی نزیکەی 14.000گولـلە تانک بە بەهای106.5 ملیۆن دۆلار بۆ گەیاندنی دەستبەجێ بە ئیسرائیل.
-
29ی کانوونی یەکەم: حکومەتی ئەمریکا جارێکی دیکە دەسەڵاتی باری نائاسایی بەکارهێنایەوە بۆ فرۆشتنی گولـلە تۆپ و چەکی پەیوەندیدار بە بەهای 147.5ملیۆن دۆلار بە ئیسرائیل، بەمەبەستی پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەکی ئیسرائیل.



