ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەراگەیەندراوێکدا هەموو ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە گوایە هێزەکانیان هێرشیان کردبێتە سەر خاڵەکانی پشکنینی حکومەتی دیمەشق لە حەلەب. هەسەدە رایگەیاند، "ئەوەی لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقصود رودەدات، دەرەنجامی راستەوخۆی گەمارۆی خنکێنەر و هێرشە بەردەوامەکانی چەکدارانی حکومەتی دیمەشقە" و هۆکاری پێکدادانەکان بۆ "هەوڵی چەکدارانی حکومەت بۆ چوونەژوورەوە بە تانک و زرێپۆش" گەڕاندەوە.


لە تاگەیەندراوێکدا، کە کەمێک پێش ئێستا بڵاوکراوەتەوە، هەسەدە بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: "بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ئەم تۆمەتانە بە هیچ شێوەیەک راست نین، چونکە هێزەکانی ئێمە لەدوای کشانەوەیان بەپێی لێکتێگەیشتنی 1ی نیسان، هیچ بوونێکیان لە ناوچەکەدا نییە."

هەسەدە رایگەیاندووە کە روداوەکان دەرئەنجامی زنجیرەیەک دەستدرێژیی هێزەکانی حکومەتی دیمەشقە دژی هاووڵاتییانی سڤیل، کە بریتی بوون لە:

  • سەپاندنی گەمارۆیەکی ئەمنی و مرۆیی خنکێنەر.

  • بڕینی هاوکاری و پێداویستییە پزیشکییەکان.

  • رفاندنی ژمارەیەک لە دانیشتووانی گەڕەکەکە.

  • بەردەوامبوون لەسەر هەراسانکردنی خەڵک لە خاڵەکانی پشکنین.

  • لەم دواییانەشدا، دروستکردنی ساتر و بەربەستی خۆڵی لە دەوروبەری هەردوو گەڕەکەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە "پەرەسەندنێکی مەترسیدار" دەکات لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە و دەڵێت: "ئەو چەکدارانە هەوڵی چوونەژوورەوە دەدەن بە تانک و زرێپۆش و گەڕەکە نیشتەجێبووەکان بە گولـلەهاوەن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەنە ئامانج، کە بووەتە هۆی قوربانیدان لەنێو هاووڵاتییانی سڤیل و زیانێکی گەورەی بە موڵک و ماڵیان گەیاندووە."

هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە "ئەم کردەوانە بوونەتە هۆی هاندانی خەڵک و پاڵنانیان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، شانبەشانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەردوو گەڕەکەکە، کە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل و ئارامیی ناوچەکە جێبەجێ دەکەن."

لە کۆتاییدا، هێزەکانی سوریای دیموکرات حکومەتی دیمەشقی بە "بەرپرسیاری تەواو و راستەوخۆ" داناوە لە بەردەوامیی گەمارۆ و پێشێلکارییەکان و ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە. هەروەها داوای لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان کردووە کە "بەپەلە بجوڵێن بۆ کۆتاییهێنان بەم گەمارۆ نادادپەروەرانەیە و راگرتنی هێرش و دەستدرێژییەکان دژی خەڵکی سڤیل."