بڕیارە ئەمڕۆ لە میسڕ دانوستانەكانی وەفدی حەماس و ئیسرائیل لەبارەی  پلانەكەی ترەمپ بۆكۆتایی هاتنی جەنگی غەززە دەستپێبكات و حەماس رایگەیاندووە، سورن لەسەر گەیشتن بە رێككەوتنێك بۆ راگرتنی جەنگ.

بەمەبەستی ئەنجامدانی دانوستان لەبارەی ئاگربەستی غەززە، دوێنێ یەكشەممە،  وەفدی بزوتنەوەی حەماس بە سەرۆكایەتی خەلیل حەیە سەرۆكی وەفدی دانوستانكاری  بززوتنەكە گەیشتە میسڕ و چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆش وەفدی ئیسرائیل بە سەرۆكایەتی رۆن دێرمەر باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمریكا بگاتە میسڕ.

بڕیارە وەفدی هەردوولا دانوستان لەبارەی پلانەكەی ئەمریكا بكەن بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتگیر لەبارەی كەرتی غەززە و راگرتنی شەڕ و ئازادكردنی بارمتەكان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە میدیا جیهانییەكاندا بڵاوكراوەتەوە، حەماس تەنها داوای ئازادكردنی ئەو سەركردانە ناكات كە لەم چەند مانگەی دواییدا دەستگیركراون، بەڵكو دەیەوێت گرەنتی ئازاكردنی ئەو لێپرسراوە باڵایانەی بزوتنەوەكە و ئەو زیندانیكراوە بیانیانەش بەدەست بهێنێت كە لە سەرەتای دەستپێكی جەنگەوە دەستگیر كراون.