حەماس: رێککەوتین چەک لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا رادەست بکەین
بڵند
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
پێگەی هەواڵی عەرەبییە لەزاری سەرچاوەیەکی حەماسەوە بڵاویکردوەتەوە، حەماس رازیبون بە رادەستکردنی چەکەکانیان بە قەوارەیەکی (فەلەستینی – میسری) بکەن لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، ئاماژەی بەوەشکرد؛ ئەمریکایان لە رێککەوتنەکەیان بۆ رادەستکردنی ئەو چەکانە ئاگادارکردۆتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دوای هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ رادەستکردنی چەکەکانیان، حەماس بە پێگەی عەرەبییە راگەیاندوە، ڕازیبون بە چەکدانان و داوای راگرتنی بۆردومانەکانیان کردوە بۆ ئەوەی بتوانن تەرمی بارمتەکان کۆبکەنەوە بۆ تەواو کردنی پلانەکان.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە چەکداماڵینی حەماس یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی پلانە 20 خاڵیەکەی ترەمپ بۆ ئاگربەست لە غەززە و کۆتایی هێنان بە شەڕ.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بزووتنەوەکە گەرەنتی ئەمریکی لە رێگەی قەتەرەوە وەرگرتووە کە مەرجی کشانەوەی هەمیشەیی ئیسرائیلە لە کەرتی غەززەیە، ئیسرائیلییشی بەوە تۆمەتبار کردوە کە لە رێگەی بۆردومانە بەردەوامەکانیەوە، وێرانکاریی دەکات و رێگری لە پلانەکەی ترەمپ دەکات.
ئەمە پێشهاتێکی نوێیە و ئەگەر بێت و حەماس پابەند بێت؛ دەکرێت ئەم رێککەوتنە یەکەم هەنگاوی کردەیی بێت بۆ چەکداماڵینی حەماس و گواستنەوەی کۆنترۆڵی ئەمنی غەززە بۆ قەوارەیەکی هاوبەش لەژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا، کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئایندەی غەززە و ئایندەی سیاسی و سەربازیی حەماسیش دەبێت.



