تەوفیق عەلی، دادوەری لێکۆڵینەوەی حەوتەم لە دیمەشق، فەرمانێکی دەستگیرکردنی نا ئامادەی بۆ بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشوی سوریا دەرکرد، کە پەیوەستە بە روداوەکانی شاری دەرعا لە 23ی تشرینی دووەمی 2011.

ئەو دادوەرە بە ئاژانسی سانای راگەیاند، فەرمانەکە تۆمەتەکانی "کوشتنی بەئەنقەست، ئەشکەنجەدانی تا مردن، و زەوتکردنی ئازادی" لەخۆدەگرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیارە دادوەرییەکە رێگە خۆش دەکات بۆ بڵاوکردنەوەی فەرمانەکە لە رێگەی پۆلیسی ئینتەرپوولەوە و بەدواداچوونی یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.

بە وتەی دادوەرەکە، ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای سکاڵای کەسوکاری قوربانییانی روداوەکانی دەرعا نراوە و جەختیشی کردەوە کە "رێکارە یاساییەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی رژێمی پێشوو بەردەوام دەبن."

روداوەکانی دەرعا لە ساڵی2011 بەو پریشکە دادەنرێت کە شۆڕشی سوریای دژی بەشار ئەسەد هەڵگیرساند، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان منداڵانی شارەکەیان بەهۆی نووسینی درووشمی دژی رژێم دەستگیر و ئەشکەنجە دا، کە دواتر بووە هۆی خۆپیشاندانی بەرفراوان و سەرکوتکردنێکی خوێناوی.

جێی باسە، لە 8ی کانوونی یەکەمی 2024، بەشار ئەسەد بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو روخا و ناوبراو ناچار بوو هەڵبێت بۆ روسیا.