لاریجانی لە بەیروتەوە: حزبوڵڵا بەربەستێکی پۆڵایینە لەبەردەم ئیسرائیلدا
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
عەلی لاریجانی، راوێژکاری رابەری باڵای ئێران، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان لە بەیروت، رایگەیاند کە گفتوگۆکانیان بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان "بونیادنەر و بەسوود" بووە.
لاریجانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ستایشی حزبوڵڵای کرد و وتی: "بەرگری سەرمایەیەکی گەورەیە و حزبوڵڵا بەربەستێکی پۆڵایینە لەبەردەم ئیسرائیلدا." هەروەها وتیشی: "حزبوڵڵا ئەوەندە بەهێزە کە پێویستی بە چەک لە هیچ شوێنێکی ترەوە نییە."
ناوبراو ستایشی دەستپێشخەرییەکەی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای کرد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە و بە "هەنگاوێکی دروست لە ئاڕاستەی راستدا" ناوی برد.
لاریجانی هۆشداریشی دایە ئەمریکا و وتی: "پێویست ناکات ئەمریکییەکان خۆیان بکەنە سەرپەرشتیاری گەلی لوبنان،" جەختیشی کردەوە کە "ئێمە خوازیارین وڵاتانی ناوچەکە لە بەرامبەر پیلانگێڕییەکانی ئیسرائیلدا بەهێز و سەربەخۆ بن."



