فەوزا یوسف: ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و چاوەڕێی وەڵامی دیمەشقین
٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
فەوزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) و هاوسەرۆکی دەستەی دانوستانکاری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا، ئامادەیی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی سوریا راگەیاند و جەختی کردەوە کە ماوەی مانگێکە چاوەڕێی وەڵامی دیمەشق دەکەن.
فەوزا یوسف لە ئێکس نووسیوێتی: "دەمانەوێت جەخت لەوە بکەینەوە کە ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ دیمەشق و کارکردن لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار."
ناوبراو هەروەها ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە گوایە ئەوان هۆکاری سستیی پرۆسەکەن و وتی: "هیچ سستییەک لەلایەن ئێمەوە نییە، لیژنەکانمان لە هەموو ئاستێکدا ئامادەن و ئێمە ماوەی مانگێکە چاوەڕێی وەڵامی دیمەشقین، چونکە باوەڕمان وایە باشترین رێگە بۆ چارەسەریی کێشەکانی سوریا، گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنە."



