کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەمڕۆ شەممە، باڵیۆزەکانی خۆی لە بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ "راوێژکردن" بانگهێشتی تاران کردەوە، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە هەوڵەکانی روسیا و چین لە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ دواخستنی سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا شکستی هێنا.

تەلەڤیزیۆنی رەسمی ئێران رایگەیاند: "دوای جووڵە نابەرپرسانەکەی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە بۆ کاراکردنەوەی بڕیارە هەڵوەشاوەکانی ئەنجومەنی ئاسایش، باڵیۆزانی ئێران لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو بۆ راوێژکردن بانگهێشتی تاران کرانەوە."

رۆژی هەینی، روسیا و چین لە ئەنجومەنی ئاسایش نەیانتوانی پڕۆژەبڕیارێک بۆ دواخستنی گەڕانەوەی سزاکان بۆ ماوەی شەش مانگ تێپەڕێنن. لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنەکە، تەنها 4 وڵات دەنگیان بۆ پڕۆژەکە دا، لە بەرامبەردا 9 وڵات دژی وەستانەوە و دوو وڵاتیش دەنگیان نەدا.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، بڕیارە هەموو سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کاتژمێر 8:00ی شەوی ئەمڕۆ شەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ئەمریکا بەسەر ئێراندا بسەپێنرێنەوە.