ئەنجومەنی ئاسایش دواخستنی كاراكردنەوەی سزاكانی سەر ئێران دەخاتە دەنگانەوە
٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
بریارە ئەمرۆ، ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ دەنگدان لەسەر دواخستنی سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا كۆببێتەوە.
بریارە لە دانیشتنی ئەمرۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا رەشنووسی پرۆژە بریارێك بخرێتە دەنگدانەوە بدرێت كە لەلایەن روسیا و چینەوە پێشنیاز كراوە بۆ دواخستنی دووبارە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێران بۆ ماوەی شەش مانگ، بەڵام دیپلۆماتكاران دەڵێن پێناچێت ئەو بڕیارە تێپەڕێت.
ئەگەربێت ئەو پرۆژە بریارە دەنگی پێویست بە دەستنەهێنێت، لە سەعات 8ی ئێوارەی رۆژی هەینی بەكاتی ئەمریكا، سزاكانی سەر ئێران كارا دەكرێتەوە.
رۆژی 28ی ئاب، بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا كەبە ترۆیكا ناسراون ، داوایان لە نەتەوە یەكگرتوەكان كرد ئەگەر لە ماوەی 30 رۆژدا تاران نەگەرێتەوە بۆ دانوستان لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئەوە دەبێت ئەو سزایانە بگەڕێنەوە.
بۆ ئەوەی پرۆژە بریارەش پەسەندبكرێت، پێویستە لە كۆی 15 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش نۆ ئەندامیان بەبەڵێ دەنگی پێبدەن و هیچ كام لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریكا مافی ڤیتو بەكارنەهێنن، ئەگەرنا پرۆژەیاساكە تێناپەڕێت.



