مەحمود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین، ڕایگەیاند، گەلەکەیان لە کەرتی غەززە زیاتر لە دوو ساڵە ڕوبەڕوی جینۆساید بووەتەوە، ئەوان بە توندی دژی بیرۆکەی ئیسرائیلی گەورەن و  ڕەتیدەکەنەوە، ئاماژەی بەوەشکرد دەوڵەتی چەکداریان ناوێت و پێویستە حەماس چەکەکانیان ڕادەست بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە میانی وتارێکیدا بە ئۆنلاین، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەگرتووەکان، سەرۆکی فەڵەستین ڕایگەیاند، ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامیدەدات لە دەستدڕێژی تێپەڕیوە و جینۆسایدە و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.

رەخنەی لە وڵاتانی نێودەوڵەتیش گرت، بەوەی زیاتر لە هەزار بڕیارنامەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە فەلەستین دەرچووە و هیچیان جێبەجێ نەکراون، رونیشیکردەوە  ناتوانرێت هیچ دادپەروەرییەک بەدەستبهێنرێت لەکاتێکدا داگیرکاری بەردەوامە.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، ئیسرائیل بەردەوامە لە لکاندنی بەشەکانی فەڵەستین بە خاکەکەیەوە و پڕۆژەی نیشەتەجێبوون لە قودس و کەناری رۆژئاوا، ئەوان ئەو کارە ئیدانە دەکەن و گەورەبونی ئیسرائیل و فراوانبونی خاکەکەی رەتدەکەنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەحمود عەباس  دەڵێت؛ حەوت ملیۆن لە گەلی فەڵەستین لە ساڵی 1948ەوە تا ئێستا بەدەست تاڵیی ئاوارەبوونەوە دەناڵێنن، بە بەردەوامی لە ژێر داگیرکاری  نیشتەجێبوون و دزینی سەروەت و خاکەکەیاندا دەژین.

لەبارەی ئایندەی حەماسیشەوە وتویەتی؛ کاتی دەوڵەتێکی مۆدێرنە و  حەماس و گروپەچيکدارەکانی  دیکە دەبێ چەکەکانیان ڕادەستی  دەسەڵاتی فەلەستین بکەن؛ ئەوان  دەوڵەتی چەکداریان ناوێت.

جەختیشکردوەتەوە  ئەو کارەی حەماس کە لە حەوتی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا، خەڵکی مەدەنی ئیسرائیلی کردە ئامانج و ژمارەیەکیانی بە بارمتە گرت ڕەتدەکەنەوە.