ناتانیاهۆ لە ترسی دەستگیرکردنی بە سەر ئاسمانی فەرەنسادا نەفڕی
٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لەکاتێکدا فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رو لە زیادبوون دەکەن، ناوبراو لە گەشتەکەیدا بۆ ئەمریکا بە ئاسمانی فەرەنسادا تێنەپەڕی و هاوکات وڵاتی سلۆڤینیاش بە رەسمی گەشتی لێ قەدەغە کرد.
بەپێی زانیارییەکانی چاودێریی فڕۆکەوانی، فڕۆکەکەی ناتانیاهۆ لە گەشتەکەیدا بۆ نیویۆرک، خۆی لە بەکارهێنانی ئاسمانی فەرەنسا بەدوور گرتووە و لەبری ئەوە رێڕەوێکی جیاوازی هەڵبژاردووە و بەسەر ئاسمانی ئیتاڵیا و یۆناندا رۆیشتووە. ئەم گۆڕانکارییە لە کاتێکدایە کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ناوبراو بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ دەرکردووە.
هەرچەندە لە گەشتی پێشووتریدا لە مانگی تەممووز، سەرەڕای بوونی فەرمانی دەستگیرکردنەکە، رێگەی پێدرابوو بە ئاسمانی فەرەنسادا تێپەڕێت، بەڵام ئەمجارەیان رێڕەوەکەی گۆڕیوە. سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی ئیسرائیلی بە کەناڵی "کان"ی راگەیاندووە کە فەرەنسا رێگری نەکردووە، بەڵکو بڕیارەکە "بڕیارێکی تایبەتی خودی ناتانیاهۆ" بووە.
هاوکات، لە هەنگاوێکی تردا کە فشاری زیاتر لەسەر ئیسرائیل دروست دەکات، حکومەتی سلۆڤینیا ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند کە قەدەغەی گەشتیاریی خستووەتە سەر بنیامین ناتانیاهۆ.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە سلۆڤینیا، کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپایە و ساڵی رابردوو دانی بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە، چەندین هەنگاوی تری دژی ئیسرائیل گرتووەتەبەر، لەوانە سەپاندنی گەمارۆی چەک لە مانگی ئابدا و قەدەغەکردنی هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بەرهەم دەهێنرێن.



