وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وەڵامی ئەو پەیامەی ئەمەریکا کە ئامادەیە بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران، رایگەیاند؛ ناتوانیت وڵاتێک بۆردومان بکەیت و لە هەمان کاتدا لەگەڵیدا باسی دانوستانی دیپلۆماسی بکەیت، ئەو بانگەشەيەی واشنتۆن دەیکات بۆ دانوستان جگە لە فێڵکردن هیچی دیکە نییە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی ترەمپی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەکردوە،  کاتێک پەنجەی ناڕەوا ئاراستەی کەسێک دەکەیت سێ پەنجە رووی لە خۆتە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە، تۆمەتی ناڕەوا دژ بە ئێران هەرگیز ناتوانێ هاوبەشی ئەمریکا و بەشداری ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە جینۆسایدی بەردەوامی فەلەستینییەکان و دەستدرێژی بەردەوامی  ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە پەردەپۆش بکات

وتەبێژەکەی  وەزارەتی دەرەوەی ئێران، باسی لەوەشکردوە؛  شانازی کردنی واشنتۆن بە هێرشی نایاسایی بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی تاران، هەرچەندە هەوڵی پاساودانی بدات، دوژمنایەتییەکی قووڵتر بەرامبەر بە گەلی ئێران ئاشکرا دەکات و بەرپرسیارێتی ئیدارەی ئەمریکا لەم کردەوە تاوانکارییە دوو هێندە دەکات.

ئەم قسانەی بەقائی لە کاتێکدایە، لە وتارەکەیدا لە نەتەوەیەگرتووەکان ترەمپ هێرشی کردە سەر ئێران و شانازی بە بۆردومانکردنی پێگە ئەتۆمییەکانەوە کرد و  وتی؛ هیچ وڵاتێک نەیدەوێرا ئەوە بکات جگە لە ئەمەریکا، لای خۆشیەوە ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری دۆناڵد ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا ڕایگەیاندوە، "لەگەڵ ئەوان قسە دەکەین، ئامادەین دانوستان لەگەڵ تاراندا بکەین".