مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆسەر ئێران خیانەتێکی گەورەی دیپلۆماسی بوو، سەرەڕای گەمارۆکان و شەڕی میدیایی، گەلەکەی یەکگرتوو بوون لە پشتیوانیکردنی سوپای وڵاتەکەیان، دوژمنان شکستیان هێناوە لە چاندنی دووبەرەکی لە نێوان گەلی ئێراندا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە میانی پێشکەشکردنی وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نەتەوەیەگرتووەکان رایگەیاند، نابێت بوار بۆ خوێنڕشتن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت و جەختی کردەوە لەوەی ناتانیاهۆ تاوانباری جەنگە.

لەبارەی پرسی چەکی ئەتۆمیشەوە، پزیشکیان جەختیکردەوە لەوەی تاران بە دوای چەکی ئەتۆمییەوە نییە و ئەو هەواڵانەی باس لەوەدەکەن تاران بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوەیە رەتدەکەنەوە.

پزیشکیان ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ساڵی رابردوودا شاهیدی جینۆساید بووین لە غەززە، پێشێلکردنی سەروەری لوبنان و کاولکاری لە سوریا، کوشتار لە یەمەن، کە هەمووی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە.

دەشڵێت؛ هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران ، نوێنەرایەتی خیانەتێکی گەورەی دیپلۆماسی بوو، شایەتحاڵی تیرۆرکردنی زانایانی ئێران و پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتان و بەئامانجکردنی سەرکردەکانیان بوون.

جەختیشیکردەوە لەوەی دوژمنەکانیان شکستیان هێناوە لە چاندنی دووبەرەکی لە نێوان گەلی ئێراندا و سەرەڕای گەمارۆکان و شەڕی میدیایی، گەلەکەیان یەکگرتوو بووە لە پشتیوانیکردنی سوپای وڵاتەکەیان.