سەرکردەیەکی حەماس بە میدیا عەرەبییەکانی ڕاگەیاندوە، دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن هەندێک وڵاتەوە "هەنگاوێکە بە ئاراستەیەکی دروستدا" و ئەوەش دەرئەنجامی بەرخۆدانی فەڵەستینەکانە، بەتایبەتی دوای ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا.

ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "الميادين"، ڕایگەیاندوە گەرچی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا بەس نییە، بەڵام هەنگاوێكی باش و دروستە، ئەوەش دەرئەنجامی بەرخۆدانی فەڵەستینییەکانە.

حەمدان جەختیکردوەتەوە، ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی ئەقسا، کە لە حەوتی ئۆکتۆبەردا لەلایەن حەماسەوە دژی ئیسرائیل ئەنجامدرا، یەکێکە لە هۆکارەکانی داننان بەدەوڵەتی فەڵەستیندا.

ناوبراو وتوشیەتی؛ ناساندی فەڵەستین وەک دەوڵەت بەس نییە، ئێستاش رێوشوێنی پراکتیکی پێویستە بۆ وەستاندنی شەڕ و کۆتایی هێنان بە کوشتن و گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی  کەرتی غەززە.

سەرکردەکەی حەماس داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە، ئەم پێشهاتە دیپلۆماسیانە بکاتە گوشاری ڕاستەقینە بۆ سەر ئیسرائیل، لەوانە سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتەدا.  

ئەم وتانەی ئەوە سەرکردەیە لە کاتێکدایە، ژمارەیەک وڵات لەوانە؛ فەڕەنسا، بەریتانیا، ئوستڕاڵیا، کەنەدا و پرتوگال لە چەند رۆژی رابردوودا بە ڕەسمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا نا و ئیسرائیل و ئەمەریکاش دژی ئەو دانپێدانانە بون.