رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەوکوێ دەڕوات
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
لە نێوان مانۆڕە سەربازییەکانی وڵاتان و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەەو کوێ؟
لە ئێستادا رەنگە یەکێک لە پرسیارە هەرە سەرەکیەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئەوەبێت کە ئایا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بووەتە سەکۆی ململانێ جیهانیەکان و هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و هاوکات مانۆڕی سەربازیی میسری-تورکی ش، بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا و بەبەراورد بە دەیان ساڵی رابردو، لە یەکێک لە قۆناغە پڕ گرژییەکانی خۆیدا دەژی، لە کاتێکدا جووڵە سەربازییەکانی میسر و تورکیا لەگەڵ هەڵکشانی ئیسرائیل لە چەندین بەرەدا یەک دەگرنەوە. لە هەمان کاتدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵ دەدات بە بانگهێشتکردنی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ کۆبوونەوە سەبارەت بە غەززە، خۆی وەک نێوەندگیرێک نیشان بدات، بەڵام ئامادەنەبوونی بەرچاوی هەندێک لە سەرکردە گەورەکان پرسیار لەسەر دەستپێشخەرییەکانی دروست دەکات.
لە کاتێکدا، مانۆڕە دەریاییە هاوبەشەکان، گرێبەستی چەک، و جووڵە سیاسییەکان، وێنەیەکی هەرێمیی ئاڵۆزیان دروست کردووە، کاتی خۆیەتی بپرسین،: ئایا ئەوەی رودەدات ئامادەکارییە بۆ جەنگ وەک مەرجێک بۆ گەیشتن بە ئاشتی.؟
مانۆڕێکی دەریایی سەرنج راکێش لە نێوان میسر و تورکیادا:
بۆ یەکەمجار لە ماوەی 13ساڵدا، هێزەکانی سوپای میسر لە خاکی تورکیادا بەشداری لە راهێنانێکی دەریایی هاوبەشدا دەکەن کە بە "دەریای دۆستایەتی 2025" ناسراوە، و تا 26ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. ئەم مانۆڕانە، کە سەربازە تورکیەکان، بەلەمە هێرشبەرەکان، ژێردەریاییەک، و فڕۆکە جەنگییەکانی F-16 لەگەڵ یەکە دەریاییەکانی میسردا لەخۆدەگرێت، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوکاریی سەربازی لە نێوان هەردوو وڵاتدا نیشان دەدات.
سەمیر راغب، شارەزای سەربازی و ستراتیژی، لە لێدوانێکیدا بۆ "سکای نیوز عەرەبیە" سەبارەت بەم هەنگاوەی میسر و تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئاستەی هاوکاری لە ماوەی چارەکە سەدەی رابردوودا بێوێنەیە، ئاماژەی بەوەشدا کە پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و ئەنقەرە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەرەو سفرکردنەوەی کێشەکان رۆیشتووە، و دەرگای هاوکارییان لە بوارە جیاوازەکاندا کردووەتەوە، لە دروستکردنی چەکی سەربازیی هاوبەشەوە تا مانۆڕە دەریایی و وشکانی و هێزە تایبەتەکان.
راغب ئاماژەی بەوەدا کە ئەم لێکچوونە بناغەیەکی هەیە لە هاوشێوەیی پڕچەککردن و مێژووی سەربازیی هاوبەش، جگە لە روبەڕووبوونەوەی هەردوو لا بۆ هەڕەشە راستەوخۆکان بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییان، بەتایبەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە. رونیشیکردەوە کە بەرزترین ئاستی هاوکاریی سەربازی بریتییە لە راهێنانە هاوبەشەکان، و ئەمەش نیشانەی هەماهەنگییەکی سیاسییە کە لە مانۆڕی سەربازی تێدەپەڕێت و بەرەو داڕشتنی هەڵوێستی هەرێمیی هاوبەش دەڕوات، بەتایبەتی لە دۆسیەی فەلەستیندا.
ئیسرائیل وێنەی دۆخەکە لە قوبرس گۆڕێتەوە:
لە بەرامبەردا، راپۆرتەکان ئاشکرایان کردووە کە ئیسرائیل سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی جۆری "باراک MX"ی رادەستی قوبرس کردووە، کە توانای رێگریکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی جەنگی، و مووشەکەکانی هەیە بە مەودای 150 کیلۆمەتر. ئەم هەنگاوە دەتوانێت هاوکێشەکانی پارێزگاری ئاسمانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، و ئەگەری هەڵکشانی پێکدادان لە نێوان تورکیا و ئەو وڵاتە بە کراوەیی جێبهێڵێت.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە زمانێکی زیرەکانە، بەڵام پتەو، کاردانەوەی نیشاندا، جەختی لەوە کردەوە کە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات، و هەموو رێوشوێنێکی پێویستی گرتووەتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی "تورکیا". ئەنقەرە لە هەمان کاتدا هۆشداری دا کە پڕچەککردنی بەردەوامی لایەنی قوبرسی رەنگە ببێتە هۆی "لێکەوتەی مەترسیدار".
ئەم گەشەسەندنانە لە کاتێکدا دێن کە تورکیا کار لەسەر پڕۆژە ستراتیژییە بەرگرییە گەورەکان دەکات، لەوانە پڕۆژەی "قوبەی پۆڵایین" دژی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەکان، جگە لە دروستکردنی پەناگە لە پارێزگا جیاوازەکاندا، کە هەنگاوێکە رەنگدانەوەی هەستکردنی بە ئەگەری روبەروبوونەوەیە.
میسر:
جگە لە مانۆڕەکان، قاهیرە بەردەوامە لە پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی و جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی چەک. ماڵپەڕی "تاکتیکاڵ ڕیپۆرت" ئاشکرای کرد کە میسر لە ئێستادا گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای بەرگریی سویدی "ساب" دەکات بۆ کڕینی فڕۆکەی فرە بوار بۆ هۆشداریی پێشوەختە و کۆنترۆڵی ئاسمانی. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی روبەڕوبوونەوەی ئەگەری مەترسییە ئەمنییەکاندا دێت، و لە سەرووی هەموویانەوە، پلانی ئیسرائیل بۆ ئاوارەکردنی فەلەستینییەکان لە غەززە بەرەو سنوورەکانی میسر، کە قاهیرە بە هەڕەشەیەکی ستراتیژیی راستەوخۆی دەزانێت.
راغب جەختی لەوە کردەوە کە سوپای میسر توانای پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی میسری و عەرەبی هەیە، و دووپاتی کردەوە کە هەر هاوکارییەکی سەربازی لەگەڵ تورکیادا بە واتای چوونە ناو هاوپەیمانییەکی بەرگریی هاوبەش نییە، بەڵکو هەماهەنگییەکی گرنگ لە نێوان دوو هێزی گەورەی هەرێمیدا چەسپ دەکات.
رۆڵی ئەمریکا لە نێوان دەستپێشخەری و تۆمەتبارکردنی بە هاندان بۆ گرژییەکان:
لە سایەی ئەم گرژییەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەوڵی دا کۆنترۆڵی وێنەی دۆخەکە بکاتەوە، بۆیە سەرکردەکانی سعودیە، ئیمارات، قەتەر، میسر، ئوردن، تورکیا، ئەندەنوسیا و پاکستان-ی بانگهێشت کرد بۆ کۆبوونەوەیەک لە پەراوێزی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی غەززە. بەڵام ئامادەنەبوونی عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر، و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، نیشانەی پرسیاریان لەسەر جددییەتی دەستپێشخەرییەکە دروست کرد.
ترەمپ، کە لەبەردەم کۆمەڵەی گشتیدا شانازی بە کۆتاییهێنانی حەوت جەنگەوە کرد لەوەتەی گەڕاوەتەوە سەر کورسی سەرۆکایەتی، حەماسی بە بەرپرسیار لە بەردەوامبوونی جەنگ لە غەززە دانا، بە بیانووی ئەوەی رێککەوتنەکانی رەتکردووەتەوە کە بە "چارەسەری لۆژیکی" وەسفی کردن. لە بەرانبەردا، چاودێران پێیان وایە واشنتۆن روبەروی تۆمەتەکانی زیادبوونی لایەنگریی تەواو بۆ ئیسرائیل دەبێتەوە، و هیچ دەستپێشخەرییەک کە فشارێکی کردەیی لەسەر حکومەتی نەتەنیاهۆ دروست نەکات، ناتوانێت ببێتە هۆی هێورکردنەوەی دۆخەکە.
تێکچوونی میسری-تورکی و ئیسرائیل و گۆڕانی هاوسەنگیی هێز:
ئەو چاودێرە، لە لێکدانەوەکەیدا بۆ مانۆڕە سەربازییەکانی میسر-تورکی لەم ساتەی ئێستادا. ئەو پێی وایە هاوکاریی سەربازی رەنگدانەوەی لێکچوونی سیاسییە لە چەندین دۆسیەدا، کە دیارترینیان پرسی فەلەستینە. رونیشیکردەوە کە تێچووی سیاسیی ئیسرائیل بەهۆی جەنگی غەززەوە لە دەستکەوتە مەیدانییەکانی زیاتر بووە، چونکە وێنەکەی لە بەردەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا تێکچووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەر هێورکردنەوەیەک بۆ ململانێکە تەنها بە فشاری راستەوخۆ لەسەر ناتانیاهۆ بۆ "هاتنە خوارەوە لە دارەکە" بەدی نایەت، و ئەو زیانە سیاسییانەی تەلئەبیب بەهۆی خوێنی فەلەستینییەکانەوە چەشتوویەتی کە وێنەکانیان بە جیهان گەیشتووە، لە هەر دەستکەوتێکی سەربازی لەسەر زەوی زیاترە. جەختی لەوە کردەوە کە رەتکردنەوەی رەهای میسر بۆ بیرۆکەی ئاوارەکردن، وەک هۆکارێکی سەرەکی لە ڕووبەڕووبوونەوەی پلانی ئیسرائیلدا دێت، و قەتەریش بە ڕۆڵی خۆی بۆ خێراکردنی کۆتاییهێنان بە ململانێکە هەنگاو دەنێت.
راغب جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا، بەهۆی بوونی سەربازییەوە لەسەر سنووری ئیسرائیل بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، چیتر ناتوانێت وەک دۆستێکی ئەگەری مامەڵە لەگەڵ تەلئەبیبدا بکات، و ئەگەری تێکچوونی دۆخەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە هەمیشە لە ئارادایە، بەتایبەتی لە سێبەری زیادبوونی هەراسانکردنەکانی ئیسرائیل لە سووریا.
لەنێوان مانۆڕەکانی میسر و تورکیا، پڕچەککردنی ئیسرائیل لە قوبرس، و جووڵەکانی ئەمریکا لە نیویۆرک، ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست لەسەر لێواری گڕکانێکدا وەستاوە. قاهیرە و ئەنقەرە پەیامێکی ڕوون دەنێرن کە لە ئاست هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانییان بێدەنگ نابن، لە کاتێکدا ئیسرائیل پشت بە گۆڕینی یاساکانی یاری دەبەستێت لە ڕێگەی هەنگاوە وروژێنەرەکانەوە کە ڕەنگە لە ڕووی سیاسی و ئەمنییەوە دژی خۆی بگەڕێتەوە.
لە کاتێکدا واشنتۆن نێوەندگیرییەکی مەرجدار پێشکەش دەکات، ئامادەنەبوونی سەرکردە گەورەکانی عەرەب لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە متمانەی ناوچەکە بە توانای ترەمپ بۆ پێشکەشکردنی شتێکی نوێ هێشتا سنووردارە.
وێنە گەورەکە ئاشکرای دەکات کە هاوسەنگی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا بە هێزی سەربازی و هاوپەیمانێتییە کتوپڕەکان دووبارە پێکدەهێنرێتەوە، لە کاتێکدا چارەنووسی غەززە وەک سەختترین تاقیکردنەوە بۆ هەموو لایەنەکان دەمێنێتەوە: ئایا دەروازەیەک دەبێت بۆ چارەسەرێکی هەرێمی، یان پریشکێک بۆ جەنگێکی فراوانتر؟




