محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە بەرنامەیەکدا بە ناوی "چیرۆکی جەنگ"، چەندین لێدوانی گرنگی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی حەوتی ئۆکتۆبەری فەلەستینییەکان، دۆخی حیزبوڵڵا، و هەڵوێستی ئێران لە بەرامبەر ململانێ هەرێمییەکاندا خستەڕوو. قالیباف جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس هەڵەیەکی ستراتیژی نەبووە و بە بێ ئاگاداری ئێران و حیزبوڵڵا ئەنجامدراوە.

ئۆپەراسیۆنی حەوتی ئۆکتۆبەر: هەڵەی ستراتیژی نەبوو و سەرکەوتنێک بوو بۆ حەماس:

سەرۆکی پەرلەمان، محەمەد باقر قالیباف، ئاماژەی بەوەدا کە پێش قسەکردن لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە، دەبێت سەیری مێژووی بابەتەکە بکەین. ناوبراو فەلەستینییەکانی بە "گەلێک" ناوبرد کە خاکەکەیان داگیرکراوە و بەرخۆدانیشیان "جووڵەیەکی ئازادیخوازانەیە" کە لە کولتوورێکی ئیسلامی و قورئانییەوە سەرچاوەی گرتووە.

قالیباف وتی: "هەندێک جار لە رای گشتی جیهاندا، ئەم گرووپانە وەک تیرۆریست دەناسێنرێن؛ لە کاتێکدا راستییەکە ئەوەیە کە ئەوان بۆ ئازادکردنی نیشتیمانیان دەجەنگن."

سەرۆکی پەرلەمان جەختی کردەوە: "لە حەوتی ئۆکتۆبەردا حەماس هیچ هەڵەیەک نەبوو. هەق و ماف وەرگرتنەوە هەمیشە لە جێی خۆیدایە. بێگومان، ئەم بڕیارە بە تەواوی لەلایەن حەماسەوە درا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە وردەکارییەکانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار نەبوون، وەک چۆن رابەری باڵا و سەید حەسەن نەسروڵڵا چەندین جار رایانگەیاندووە."

شکستی بانگەشەی باڵادەستیی هەواڵگریی ئیسرائیل و رەتکردنەوەی پیلانی ئیسرائیلی:

قالیباف ئاماژەی بەوەدا کە "ئیسرائیل بانگەشەی باڵادەستیی هەواڵگری دەکات و دەڵێت هەر جووڵەیەک پێش رودانی پوچەڵ دەکاتەوە، بەڵام حەماس توانی ئەم ئۆپەراسیۆنە فراوانە بە بێ ئاگاداری ئەم رژێمە ئەنجام بدات. ئەمە نیشانەی توانای حەماس و شکستی ئەوانە."

سەرۆکی پەرلەمان دەنگۆی دەستتێوەردان و ساختەبوونی هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری رەتکردەوە و وتی: "ئەگەر ئەم ئۆپەراسیۆنە ساختە بووایە، ئیسرائیل دەیانتوانی لە ماوەی چەند مانگێکدا حەماس لەناو ببات و بارمتەکان ئازاد بکات. بەڵام دوای دوو ساڵ، هێشتا نەیتوانیوە و ئەم بانگەشەیە بە تەواوی بێ بنەمایە."

قالیباف جەختی لەسەر جیاوازیی دیدگای ئێران و بەرانبەرەکانی کردەوە و وتی: "هێزی ئێمە لە لۆژیکەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە قورئان و کولتووری ئێرانی-ئیسلامییەوە وەرگیراوە. لە بەرامبەردا، لۆژیکی ئەمریکا و ئەوان، لەسەر زۆر و هێز بونیاد نراوە. ئێمە بە پشتبەستن بە لۆژیکی بەهێزی خۆمانەوە، لە بەرامبەر زێدەڕۆییەکانی دوژمنان راوەستاوین."

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بە روبەروبوونەوەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دژبەری کرد و وتی: "دوژمن نەک تەنها دژی کۆماری ئیسلامییە، بەڵکو دژی ئێرانی 90 ملیۆنییە بە پێگەی جیۆپۆلەتیکی و کولتوورە دەوڵەمەندەکەیەوە. ئەوان نایانەوێت ئێرانێکی بەهێز بە سیستەمێکی ئیسلامییەوە لە ناوچەکەدا بوونی هەبێت."