لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل، تەندروستی  غەززە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، بەهۆی کەمیی سووتەمەنی نەخۆشخانەکان تەنها چەند ڕۆژێکی کەمیان ماوە بۆ داخستن و دۆخی کەرتەکە دەچێتە دۆخێکی مەترسیدارەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە،  تەندروستی شارەکە، ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی نەخۆشخانەکان بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ "بەهۆی قەیرانی کەمیی سووتەمەنی لە نەخۆشخانەکان دۆخی کەرتەکە  دەچێتە قۆناغێکی زۆر مەترسیدارەوە".

ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ لە غەززە قەیرانی تەندروستی خراپتر دەبێت و نەخۆشەکان و بریندارەکان  لە مردن نزیکتر دەبنەوە.

وەزارەتەکە ڕونیکردەوە کە "ڕێکارە تەکنیکی و ئەندازیارییەکان بۆ دانانی کاتەکانی کارکردن لەگەڵ وەستانی دابینکردنی سووتەمەنی بێکاریگەر بوون".

ئەمە لە کاتێكدایە، ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە هەشتەم ڕۆژ تێدەپەڕێنێت و تەنها دوێنی  دوو نەخۆشخانەی شاری غەززە، لە باکووری کەرتەکە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بەتەواوەی داخراون و لە خزمەتگوزاری وەستێندراوە.

تەندروستی غەززە، ئەوەشی خستوەتە ڕو، سوپای ئیسرائیل بە مەبەست  سیستەمی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە کەرتی غەززە بە شێوەیەکی سیستماتیکی دەکاتە ئامانج.