حەماس پەیامێکی تایبەت ئاراستەی ترەمپ دەکات سەبارەت بە غەززە
٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ دووشەممە، تۆڕی هەواڵی "فۆکس نیوز"ی ئەمریکی ئاشکرای کرد، بزوتنەوەی حەماس پەیامێکی تایبەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ناردووە و تێیدا داوای دەستوەردانی ناوبراوی کردووە بۆ دابینکردنی ئاگربەستێکی کاتی لە کەرتی غەززە بۆ ماوەی 60 رۆژ.
تۆڕەکە، رایگەیاندووە کە حەماس پێشنیازی کردووە لە بەرامبەر ئەم ئاگربەستەدا، نیوەی بارمتە دەستبەسەرکراوەکانی ناو غەززە ئازاد بکرێن.
سەرچاوەیەکی دیکەش بۆ رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" دووپاتی کردووەتەوە کە پەیامەکە لە ئێستادا لەلای قەتەرە، کە بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رادەستی ترەمپی بکات.
ئەم داوایەی حەماس لە کاتێکدایە کە دۆسیەی مرۆیی و سیاسی لە غەززەدا زیاتر ئاڵۆز بووە، لەگەڵ زیادبوونی فشارە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاڵنانی لایەنەکان بەرەو راگرتنی تەقە و گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییان.
شایەنی باسە، بەرپرسێکی فەلەستینیی ئاگادار بە ئاژانسی "فرانس پرێس"ی راگەیاندبوو، کە شاندی بزووتنەوەی حەماس لە قاهیرە پێشنیازێکی نوێی لە نێوەنگیرەکانی میسری و قەتەری وەرگرتووە سەبارەت بە رێککەوتنێک بۆ راگرتنی تەقە لە کەرتی غەززە.




