ئەحمەد شەرع: قەبارەی زیانەکانمان فراوانە و پێویستمان بە یەکگرتووییە
٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی کاتی سوریا رایگەیاند، قەبارەی زیانەکانی سوریا زۆر گەورەیە بە سەرجەم سێکتەرەکانی وڵات گەیشتووە و ئاماژەی بەگرنگی یەکگرتووی وڵاتەکەشیکرد.
لە پاش گەیشتنی بە ولایەتی نیویۆرک، ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا لە کۆبونەوەیەکدا لە گەڵ وەفدی کۆچبەرانی وڵاتەکەی لە ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت گەلێکی یەکگرتوو بن، رەنگە لەسەر هەموو شتێک رێک نەکەون، بەڵام دەبێت یەکبگرین، سوریا توانای ئەوەی هەیە جارێکی دیکە ببێتە بوکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها سەرمایەی گەورە و توانای مرۆیی بەرفراوانیان هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو گەلانی جیهان بە سەرسوڕمانەوە لە روداوەکانی سوریا دەڕووانن و جیهان دەرفەتێک دەداتە سوریاییەکان، دەبێت هەموو رۆژێک خۆمان بسەلمێنین. رێگاکە سەخت و ماندوو و پڕ لە سەختی و کێشە بووە".
ئاژانسی هەواڵی سوریا (سانا) پێشتر بڵاویکردبووەوە، شەرع بە سەردانێکی مێژوویی گەیشتۆتە نیویۆرک ، بەمەش بووە یەکەم سەرۆکی سوریا کە لە ساڵی 1967ەوە بەشداری کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.




