لە 22مین كۆنگرەی نائاسایی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆكی حزبەكە هەڵبژێردرایەوە و دەنگی زۆرینەی ئەندامانی كۆنگرەی بەدەستهێنا.
پارتی گەلی كۆماری "جەهەپە" لە توركیا 22مین كۆنگرەی نائاسایی لە ئەنقەرە بەست و ئۆزگور ئۆزەل لە كۆی 917 دەنگ، 835 دەنگی بەدەستهێناو بۆ سێیەم جار بە سەرۆكی گشتی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە.
پێشتریش سكاڵا لەسەر جەهەپە تۆماركرابوو بە تۆمەتی ساختەكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردنی كۆنگرەی رابردوو، لە سكاڵاكەدا كەمال كلیچدارئۆغڵو سەرۆكی پێشووی جەهەپە وەك قوربانی و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆكی پێشوی شارەوانی ئیستەنبوڵ وەك تۆمەتبار بە كڕینی دەنگ و فشارخستنە سەر ئەندامەكانی ناسێنرابوون.
ئەوەش لە كاتێكدایە، تائێستا پرسی هەڵوەشاندنەوەی كۆنگرەی پێشوو لە دادگا دانەخراوە و بڕیارە 14ی تشرینی یەكەمی داهاتوو، جارێكی تر دادگا لەسەر ئەو بابەتە دانیستنێكی تر ئەنجام بدات.