دوای ئەوەی بەریتانیا بە ڕەسمی دانی بەدەوڵەتی فەلەستیندا نا، هەردو وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و  ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل دەستبەجێ وەڵامیان دایەوە و ڕایانگەیاند؛ ئەو دانپێدانانە هیچ نییە جگە لە پاداشکردنی حەماس و خزمەتکردن بەو بزوتنەوەیە، جەختیش لەوەدەکەنەوە دەبێت  فەلەستین بەتەواوەتی پارچە پارچە بکرێت.

ئەمرۆ یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل جەدعون ساعر لە کاردانەوەیدا بۆ داننان بەدەوڵەتی فەلەستین لەلایەن بەریتانیاوە ڕایگەیاند، ئەوە تەنها خزمەتکردنی حەماسە و هیچی تر.

 لای خۆشیەوە بن گوێری وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین لەلایەن بەریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا پاداشتی حەماس دەداتەوە و پێویستە دەستبەجێ بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدرێتەوە.

بن گویر کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامەکەی ئاڕاستەکردوە دەشڵێت؛ فەلەستین نەک نابێت بە دەوڵەت بناسرێت، بەڵکو پێویستە پارچە پارچەش بکرێت و بۆ ئەو کارەش هەمو هەوڵێک دەدەین.

ئەم لێدوانانەی ئەو دوو وەزیرەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هەریەکە لە بەریتانیا و ئوستڕاڵیا و کەنەدا بە ڕەسمی دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناو ڕایانگەیاند؛ چارەسەری دوو دەوڵەتی کێشەی لە مێژینەی نێوان فەلەستین و  ئیسرائیل چارەسەر دەکات.

لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی فەلەستینیش ڕایگەیاندوە؛  "دانپێدانانی بەریتانیا، کەنەدا و ئوسترالیا بە دەوڵەتی فەلەستین بڕیارێکی بوێرانەیە، کە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان یەکدەگرێتەوە و لە خواستی کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و گەیشتن بە ئاشتیەوە سەرچاوە دەگرێت".