ئیسرائیل هێزەكانی چڕ دەكاتەوە لە كەناری رۆژئاوا و لە باكوری كەرتی غەززەوە هێرش كرایە سەر شاری ئەسدود.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند كە ژمارەی سەربازەكانی زیاتر دەكات لە كەناری رۆژئاوا، بەبۆنەی هاتنی جەژنی تایبەت بە جولەكەكان، و لێپرسراوە سەربازیەكان رایانگەیاند كە لەئەمڕۆوە هێزەكان بڵاوەی پێدەكرێت تاوەكو دوای كۆتایی هاتنی جەژنەكان كە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەبێت.

ئەم بڕیارە لەپاش ئەوەدێت كە ئاڵۆزیەكان لە كەناری رۆژئاوا رووی لە زیادبوونە و لە سەرەتای ئەم مانگەدا هێرشێك ئەنجامدرا لە قودس و شەش كەس گیانیان لەدەستدا.

هەروەها میدیاكانی ئیسرائیل رایانگەیاند كە لە باكوری كەرتی غەززەوە 2 مووشەك ئاڕاستەی شاری ئەسدود كرا و سوپای ئیسرائیل توانیویەتی بەرپەرچی یەكێكیان بداتەوە و مووشەكەكەی تر لە ناوچەیەكی كراوەدا كەوتوەتە خوارەوە بەبێ هیچ زیانێك.