حەماس: ئیسرائیل نەخۆشخانە و کارمەندانی پزیشکی دەکاتە ئامانج
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
بزوتنەوەی حەماس، ڕایگەیاند ئیسرائیل تاوانی جەنگ ئەنجامدەدات، سیستەمی تەندروستی و کارمەندانی پزیشکی دەکاتە ئامانج، داواش دەکات هەنگاوی نێودەوڵەتی بەرامبەر بگیرێتە بەر.
ئەمڕۆ شەممە، بزوتنەوەی حەماس، لە راگەیەنداراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، ئیسرائیل تاوانی جەنگی ئەنجامدەدات لە غەززە و بە مەبەست نەخۆشخانە و پزیشک وکارمەندانی تەندروستی دەکاتە ئامانج.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ "سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە وێرانکردنی ئەو دامەزراوە پزیشکییانەی کە لە کەرتی غەززە ماونەتەوە و ستافی پزیشکی و بنەماڵەکانیان دەکەنە ئامانج".
ئەمەش لە دوای ئەوە دێت سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بنەماڵەی دوکتور محەمەد ئەبو سەلمیە، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی نەخۆشخانەی ئەلشیفە لە غەززە کرایە ئامانج و بەهۆیەوە گیانلەدەستدانی پێنج ئەندامی بنەماڵەکەی لێکەوتەوە، کە لەنێویاندا براکەی و چەند منداڵێکی هەبون.
بە گوێرەی ئاماری سەرچاوەپزیشکییەکانی فەلەستین، لە کەرتی غەزززە تا ئێستا زیاتر لە 1700 کارمەندی پزیشکی کوژراون و نزیکەی 400 دیکەش بریندارن.
ئەمە لە کاتیكدایە لە سەرەتای شەڕی غەززە و لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە 65 هەزار و 174 فەلەستینی کوژراون و زیاتر لە 166 هەزاریش بریندارن.




