ئێران: تێكدانی ئاسایشی وڵاتەكەمان كاریگەریی لەسەر وڵاتانی ناوچەكە دەبێت
١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
ئێران رەتیدەكاتەوە داوای سیستمی بەرگری لە روسیا كردبێت و دەشڵێت جەنگ و تێكدانی ئاسایشی ئێران كاریگەریی لەسەر وڵاتانی ناوچەكەش دەبێت.
عەباس موقتەدایی جێگری سەرۆكی دەستەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی دەستبەرداری بەرنامەی موشەكیی نابێت چونكە ئەگەر ئاسایشی ئێران پارێزراو بێت ئاسایشی وڵاتانی تری ناوچەكەش پارێزراوە دەبێت، و بە پێچەوانەشەوە هەوڵەكان بۆ تێكدانی ئاسایشی ئێران كاریگەریی خراپی لەسەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە دەبێت.
وتیشی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و قەڵغانی موشەكیی ئێران پشتی بە هیچ وڵاتێك نەبەستووە و موشەكەكانیشیان دەستێكی باڵایان هەیە لە ناوچەكەدا.
كازم جەلالی باڵیۆزی ئێرانیش لە روسیا رایگەیاندووە، تاران بە هیچ شێوەیەك داوای سیستمی دژە موشەكیی ئێس 400ی لە مۆسكۆ نەكردوە و روسیاش دەڵێت ئامادەیە ئەو سیستمە رادەستی تاران بكات لە هەر كاتێكدا كە داوای بكات.




