دوای هێرشە ئاسمانییە چاوەڕواننەکراوەکەی ئەمڕۆ سێشەممە بۆ سەر بارەگایەکی وەفدی دانوستانکاری حەماس لە دۆحەی پایتەختی قەتەر، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە "بە شێوەیەکی تەواو سەربەخۆ" لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە. لە کاتێکدا سەرچاوەکان لە حەماسەوە دووپاتیانکردەوە کە وەفدی دانوستانکار لە هێرشەکە رزگاریان بووە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ئۆپەراسیۆنەکەیان ناوی "لوتکەی ئاگر" بووە.

ئیسرائیل: ئۆپەراسیۆنەکە سەربەخۆ بوو
بنیامین نەتانیاهۆ لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن نووسینگەکەیەوە بڵاوکرایەوە، جەختی کردەوە: "ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمڕۆ دژی سەرکردەکانی حەماس ئەنجامدرا، ئۆپەراسیۆنێکی تەواو سەربەخۆی ئیسرائیل بوو." نەتانیاهۆ وتیشی: "ئیسرائیل دەستپێشخەری کرد، ئیسرائیل جێبەجێی کرد، و ئیسرائیل بەرپرسیارێتی تەواوی هەڵدەگرێت."

هاوکات، سوپای ئیسرائیل بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی "شاباک" راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند کە هێرشێکی ئاسمانیی وردیان بۆ سەر "سەرکردایەتی حەماس لە دەرەوە" ئەنجامداوە. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "ئەو سەرکردانەی کراونەتە ئامانج، ساڵانێکە چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیاری ڕاستەوخۆن لە هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر و بەڕێوەبردنی شەڕ دژی ئیسرائیل."

وتەبێژی رەسمی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد کە ئۆپەراسیۆنەکە ناوی "لوتکەی ئاگر" (بە عەرەبی: قمة النار) بووە.