ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە هێرشێکی ئاسمانیی چاوەڕواننەکراودا، سوپای ئیسرائیل بارەگایەکی وەفدی دانوستانکاری حەماسی لە دۆحەی پایتەختی قەتەر کردە ئامانج. سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لە هێرشەکەدا کوڕی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حەماس و بەڕێوەبەری نوسینگەکەی کوژراون، بەڵام وەفدی سەرەکیی دانوستانکار رزگاریان بووە.

وردەکاریی هێرشەکە
بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دوکەڵێکی چڕ لە یەکێک لە باڵەخانەکانی دۆحە بەرز دەبێتەوە و هاوڵاتیانیش لە شوێنی روداوەکە بە ترس رادەکەن.

سوپای ئیسرائیل لەراگەیەندراوێکی رەسمیدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە "هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بە وردی بارەگای سەرکردایەتی حەماسی کردووەتە ئامانج." لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو سەرکردانەی کراونەتە ئامانج، ساڵانێکە چالاکییەکانی حەماسیان بەڕێوەبردووە و بەرپرسیارن لە کۆمەڵکوژییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر و بەڕێوەبردنی شەڕ دژی ئیسرائیل."

سوپای ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە کە پێش هێرشەکە رێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ خۆپاراستن لە زیانگەیاندن بە هاوڵاتیانی مەدەنی، لەڕێگەی بەکارهێنانی "چەکی ورد و زانیاریی هەواڵگریی پێشوەختە."

قوربانییەکان و رزگاربوونی وەفدە سەرەکییەکە:

تۆڕی هەواڵی "قودس"ی فەڵەستینی بڵاویکردەوە کە لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، کوڕی خەلیل حەییە، سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری حەماس، لەگەڵ بەڕێوەبەری نوسینگەکەی کوژراون.

لە بەرامبەردا، کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە زاری سەرچاوەیەک لەناو حەماسەوە بڵاویکردەوە، وەفدی باڵای دانوستانکاری حەماس بە سەرۆکایەتیی خەلیل حەییە، لە هێرشەکە رزگاریان بووە. بەپێی زانیارییەکان، هێرشەکە لە کاتێکدا کراوە کە وەفدەکە لە کۆبوونەوەدا بوون بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە خەلیل حەییە و زاهیر جەبارین لە سەرەکیترین ئامانجەکانی هێرشەکە بوون. هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردووە کە خالید مشعەلیش، سەرۆکی حەماس، لەناو ئەو کۆبوونەوەیەدا بووە کە کراوەتە ئامانج.

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان

  • قەتەر: وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئیدانەی "هێرشە ترسنۆکانەکە"ی کرد و رایگەیاند: "قەتەر هەرگیز چاوپۆشی لەم رەفتارە سەرەڕۆییانەی ئیسرائیل و بەردەوامبوونی لە تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە ناکات." وتەبێژی وەزارەتەکە، ماجد ئەنساڕی، وتیشی: "ئەم دەستدرێژییە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی زەقی هەموو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکانە و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی هاووڵاتیان و نیشتەجێبووانی قەتەر."

  • ئێران: وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکەی بە "کارێکی زۆر مەترسیدار و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی قەتەر" ناوبرد. هەروەها وتی: "ئەم کارە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی زەقی بنەما و ئامانجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە."

  • ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: کەناڵی12ی ئیسرائیلی رایگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، "گڵۆپی سەوزی" بۆ ئیسرائیل هەڵکردووە تا ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سەرکردەکانی حەماس لە دۆحە ئەنجام بدات.

لەلایەکی دیکەوە، بتسەلیئێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، لەبارەی هێرشەکەوە رایگەیاند: "تیرۆریستان لە هیچ شوێنێکی جیهاندا لە دەستی درێژی ئیسرائیل پارێزراو نابن."