حوسییەكانی یەمەن بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
حوسییەكانی یەمەن بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل و گەشتەكانی فڕۆكەخانەی رامۆنیان راگرت.
دەستەی فڕۆكەخانەكانی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، چوار فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن حوسییەكانەوە لە یەمەنەوە هەڵدراون و تەنها دوانیان تێكشكێنراون، ئەوانی دیكە بەربەستە بەرگرییەكانی ئیسرائیلیان بەبێ لێدانی زەنگی ئاگاداركردنەوە بڕیوە و شاری ئیلاتیان كردووەتە ئامانج.
هەروەها دەڵێت، یەكێكیان هۆڵی چاوەڕوانی فڕۆكەخانەی رامونی شاری ئیلاتی كردووەتە ئامانج و جگە لە زیانی مادی، زیانی گیانیشی بەدواوە بووەو دوو كەس برینداربوون، هەروەها ئاسمانی شارەكە بەڕووی گەشتە ئاسمانیەكاندا بۆ ماوەی دوو کاتژمێر داخراوە.
هەروەها فڕۆكەكەی تر لە ناوچەی نەقەب كەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە برینداربوونی سوك لە شوێنی روداوەكە تۆمار كراوە، سوپای ئیسرائیلیش لێكۆڵینەوەكانی بۆ هێرشە كتوپڕەكە دەستپێكردووە.
حوسییەكان لە راگەیەندراوێكدا بەرپرسیارێتی هێرشەكەیان لە ئەستۆ گرتووەو رایانگەیاندووە، لە تۆڵەی كوژرانی سەرۆك وەزیران ئەنجامیانداوە.




