لەمیانی پێشوازیکردنی لە ژمارەیەک لە ژنانی کورد، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق ئاماژەی بەڕۆڵی چالاکانەی ژنان لەپشتیوانی کۆمەڵگە و پاراستنی ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی کرد.

لەو دیدارەدا کەسکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان و نوێنەرانی کۆمسیۆنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و کۆنگرە ستار و ژمارەیەک لە چالاکوانانی بواری داکۆکیکردن لەمافەکانی ژنان ئامادەیبون، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: بەپەرتەوازەیی ناگەین بەهیچ کام لە مافەکانمان و پێویستە لەمەسەلە نەتەوایەتیەکانیشدا یەک بین و پشتی یەک بەرنەدەین.

خانمی یەکەمی عیراق وتیشی، "سەرەڕای ئەو بارگرانییەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە، ژنان نەک هەر کۆڵیان نەدا، بەڵکو بوونە هێزێکی پێشەنگ لە بەرخۆدان و گۆڕانکاریدا و نموونەی ئازایەتی و ئیرادە لە سەرانسەری جیهاندا".

باس لەوەش کرا کە پێشبینیکردنی ئایندەی خەباتی ژنانی کورد پەیوەستە بە هەلومەرجی سیاسی و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و پێشهاتە ناوچەییەکان، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە ژنانی کورد دەتوانن بە پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوەکانی مافی ژنان لە وڵاتانی تر، خەباتی خۆیان بەهێزتر بکەن.

هەر لەدیدارەکەدا تاوتوێی چالاکیەکانی کۆنگرەی ژنان و راسپاردەکانی کۆنگرەی هاوپەیمانی سۆشیال دیموکرات کرا کەلەرۆژانی 27 تا 30 ی ئاب لەسلێمانی بەسترا.

سەبارەت بەگۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی رەوشەکە، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند: دەبێ لەئاست جموجوڵ و بزاوتی سیاسی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ژنی کورد رۆڵی خۆی ببینێت و لەئاستیدا پەرە بە خەباتی سیاسی خۆی بدات.