یونیسێف: 700 هەزار مندال لە غەززە لە خوێندن بێبەشن
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
بەپێی ئامارێکی یونیسێف زیاتر لە 700 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە لە خوێندن بێبەشن و خوێندنگەکان بوونەوەتە شوێنی مانەوە و حەوانەوە.
رێکخراوی نەتەوەیەگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف" رایگەیاندووە، منداڵانی غەززە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە لە مافی خوێندن بێبەش کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، خوێندنگەکان بوونەتە شوێنی حەوانەوە و مانەوەی دانیشتوانی غەززە، هاوکات ماڵەکان خاپورکراون و شوێنێک نەماوە بۆ خوێندن و فێربوونی منداڵانی ئەو کەرتە.
یونیسێف ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 700 هەزار منداڵ لەکەرتی غەززە لە خوێندنی رەسمی بێبەشن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند، لەمەودوا دەرگای دۆزەخ بەرووی غەززەدا دەکرێتەوە و هێرشەکان چڕتر دەکەنەوە.




