بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان نوێنەرانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و حکومەت کۆبوونەوە
٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
نوێنەرانی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سوریا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکان و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە کرد کە تایبەتە بە گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب.
کۆبوونەوەکە ئێوارەی دوێنێ لە شاری حەلەب بەڕێوەچوو، بە ئامانجی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکان و جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی پێشتر لە نێوان هەردوولادا ئیمزا کراوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموکراتیی هەرێمی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا و فەرماندەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی لیژنەی حکومەتی ئینتیقالی سوریا، کە لە چەند ئەفسەر و بەرپرسێک پێکهاتبوون، ئامادەبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گرژییەکانی ئەم دواییەی شاری حەلەب کرا، بەتایبەتی کۆکردنەوەی هێز لەلایەن حکومەتەوە لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفییە، هەروەها جەخت لەسەر بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتنی 1ی نیسان کرایەوە. هاوکات، میکانیزمی پێکهێنانی لیژنە بۆ جێبەجێکردنی تەواوەتیی رێککەوتنەکە بەبێ پچڕان تاوتوێ کرا.
لە کۆتاییدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر راگرتنی ئاڵۆزی و کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی حکومەت لە دەوروبەری شێخ مەقصود و ئەشرەفییە، کۆتاییهێنان بە دۆخی گرژی، و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی زیاتر لەنێوان لیژنە پسپۆڕەکانی هەردوولادا.
جێی ئاماژەیە، لە یەکی نیسانی ئەمساڵدا، رێککەوتنێک لەنێوان ئەنجومەنی گەڕەکەکانی شێخ مەقصود و ئەشرەفیە و حکومەتی ئینتیقالیدا ئیمزا کرا کە14 خاڵی سەرەکی لەخۆدەگرت، لەوانە بەهێزکردنی پێکەوەژیان، پاراستنی دانیشتووان، قەدەغەکردنی دیاردەی چەکداری، و ڕێکخستنی ئاسایشی ناوخۆیی.




