پێش دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە، دەیان هەزار سەربازی یەدەگی سوپای ئیسرائیل پەیوەندی بە ریزەکانی سوپای وڵاتەکەیان دەکەنەوە.

رادیۆیی سوپای ئیسیرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ 40 هەزار سەربازی یەدەگ پەیوەندی بەڕیزەکانی سوپای ئیسرائیل دەکەنەوە وەک ئامادەکاریەک بۆ دەستپێکردنی هێرشی بەرفراوان بۆ داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە، هەروەها سوپا دەستی بە ئامادەکاریە سەربازی و لۆجستیەکانیش کردوە.

پێشتریش کەناڵ 12ی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەکردبوو،  60 هەزار سەربازی یەدەگ بانگهێشتدەکرینەوە بۆ ریزەکانی سوپا بۆ بەشداریکردن لە ئۆپراسیۆنی داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززە.

مانگی رابردوو کابینەی ئەمنی بچوکراوەی حکومەتی ئیسرائیل ناسراو بە کابینێت، بڕیاری داگیرکردنی تەواوەتی کەرتی غەززەی پەسەندکرد کە لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بڕیاری لەبارەوە درابوو.