حوسیەکانی کەشتیەکی ئیسرائیلیان لە دەریای سور کردە ئامانج
١ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وتەبێژی گروپی چەکداری حوسیەکان لە یەمەن بەئامانجگرتنی کەشتیەکی لە دەریای سور راگەیاند و دەشڵێت بەردەوام دەبن لە سەپاندنی گەمارۆی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل.
یەحیا سەریع وتەبێژی گروپی چەکداری حوسیەکان لەیەمەن رایگەیاند، لەوەڵامی کوشتن و برسیکردنی خەڵکی غەززە و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکانی ولاتەکەی، کەشتیەکی ئیسرائیلی تایبەت بە گواستنەوەی نەوت بەناوی سکارلێت رەی لە باکوری دەریای سور بەئامانج گرتووە لە رێگەی موشەکێکی بالیستیەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو موشەکە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کەشتیەکەی پێکاوە و زیانێکی بەرچاوی پێگەیاندووە، هەروەها بەردەوامدەبن لە سەپاندنی گەمارۆی دەریای بۆ سەر کەشتیە ئیسرائیلیەکان وەک پاڵپشتیەک بۆ گەلی فەلەستین.
کۆمپانیای ئامبری بەریتانی بۆ دابینکردنی ئاسایشی دەریایی رایگەیاند، کەشتیەکی ئیسرائیلی کە ئاڵای ولاتی لیبیریای بەسەرەوەبووە لە دووری 40 میل لە شاری یەنبوعەوە لە سعودیە بە ئامانجگیراوە، بەڵام سەرجەم سەرنشینانی کەشتیەکە لەئێستادا سەلامەتن.




